بەم زووانە پادداشتی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدان دابەش دەكرێت

بەغدا-kdp.info- بەرپرسی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایدەگەینێت كە، كارە سەرەكییەكانی خەرجكردنی پارەی كارمەندانی سەر سندووقەكانی دەنگدانی هەڵبژاردنەكانی 30 مانگی نیسانی رابڕدوو، تەواو بووە و، لە ماوەیەكی نزیكدا مووچەی کارمەندانی بەشداربووی هەڵبژاردنەکان خەرج دەکەن.
(سەربەست مستەفا رەشید) بەPDK.INFO ی ڕاگەیاند: "ئەو كارمەندانەی كە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق كە لە 30ـی مانگی نیسانی رابردوو بەرێوە چوو، مووچەكانیان خەرج نەكراوە، چونكە سێ مانگە وەزیری پێشووی داراییی حكوومەتی عێراق رەزامەندی نەدەدا بە خەرجكردنی بڕی پارەی دیاریکراو، بەڵام 10 رۆژ لەمەوبەر، رەزامەندیمان لەلایەن وەزارەتی دارایییەوە بۆ هاتووە كە، ئەو بڕەپارەیە خەرج بكرێت، ئێستایش خەریكی ئامادەكارین لەگەڵ ئۆفیسەكانمان لە پارێزگاكانی عێراق و هەرسێ ئۆفیسی پارێزگاكانی كوردستان، چونكە ئەوانیش دەبێت هەماهەنگی بكەن لەگەڵ بانكەكان بۆ ئەوەی كارمەندەكان پارەكانیان وەربگرن."
بەرپرسی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، گوتیشی، خەرجکردنی مووچەی کارمەندان، كاتی پێویستە، هەڵبەت پێشتر كێشەی سەرەكی، خەرجكردنی پارەكە بوو ئەویش نەماوە، گوتیشی، لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا ئەو كارمەندانە پارەكانیان وەردەگرن .
(سەربەست مستەفا رەشید) زیاتر گوتی، "ئەو بڕەپارەیەی كە بە كارمەندان دەدرێت بەم جۆرەیە: كارمەندانی ئاسایی 250هەزار دینارە، ئەوانی تریش وەك ڕێکخەر و بەڕێوبەری وێستگە 300 هەزار دینار دەبێت."
دەربارەی دامەزراندنی فەرمانبەران بۆ كۆمسیۆنیش، (سەربەست مستەفا) گوتی، هەر هەڵبژاردنێك كە ئەنجامی دەدەن پێویسیان بە كارمەندێكی زۆر هەیە، تا كاریان لەگەڵدا بكەن، چ لە ناوەندەكانی دەنگدان یاخود لە جیاكردنەوەی دەنگەكان و شوێنەكانی تر، بۆیە ناتوانن هەموویان دابمەزرێنن، چونكە رێژەیەكی یەكجار زۆرن، ئەو دەڵێ، "چوار مانگە هەوڵێكمان دەست پێ كردووە و لەگەل سەرۆكوەزیرانی پێشوویش ئەو باسەمان ئەنجام داوە، کە ئەوانەی لە 1-3 -2010 ئیشیان لەگەڵ كۆمسیۆن كردووە و، ساڵێكیان تەواو نەكردووە، بەپێی یاسای كۆمسیۆن ئەگەر وەزارەتی دارایی پلەی دامەزراندنمان پێ بدەن، دایاندەمەزرێنین، بۆیە لە ئیستادا چاوەڕوانی وەزارەتی دارایین دەربارەی ئەو پرسە."
نەشوان بەرزنجی




