خوێندنی "کوفر"ـی راگرتووە.. داعش پڕۆگرامی خوێندن دەگۆڕێ

هەولێر-KDP.info- داعش خوێندنی لە زۆرینەی قوتابخانەکانی شار و شارۆچکەکانی پارێزگای دێرئەلزووری سووریا ڕاگرتوون، تا ئەو کاتەی پڕۆگرامێکی نوێ بۆ خوێندن، لە جیاتی پڕۆگرامی "کوفر" ئامادە دەکات و دەبێ مامۆستاکانیش بچنە مزگەوت و خولی لای داعش بە پڕۆگرامی نوێی خوێندن ڕابهێندرێن.
روانگای سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، لە زاری سەرچاوەیەکەوە گوازتوویەتییەوە کە، داعش زۆرینەی قوتابخانەکانی سنووری پارێزگای دێرئەلزووری داخستوون، "تا ئەو کاتەی مامۆستاکان ملکەچی خولی شەرعی دەبن و، پڕۆگرامێکی نوێی خوێندن کە وەک بریتی پڕۆگرامی کوفر(پڕۆگرامی خوێندنی ئێستا)، ئامادە دەکرێ."
ڕوانگای سووریا دەڵێ، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، ئێوارەی چوارشەممە لە یەکێک لە مزگەتەکانی شاری نەیادین لە دەوروبەری دێرئەلزوور، لەگەڵ بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی شارەکەدا کۆ بووەتەوە و بڕیارێکی ڕێکخراوەکەیانی پێی ڕاگەیاندوون، کە بەپێی بڕیارەکە دەبێ، مامۆستاکان بۆ ماوەی مانگێک بچنە خولێکی شەرعییەوە لە مزگەوتی (ڕەوزە) لە مەیادین، هەر کاتێکیش پڕۆگرامی نوێی خوێندن و پەروەردە ئامادە کرا، کە وەک بریتی خوێندنی ئێستا کە بە پڕۆگرامی پەروەردە و خوێندنی"کوفر" ناوی دەبەن، خوێندن دەست پی دەکاتەوە.
ڕوانگا لە زاری مامۆستا و سەرچاوەگەلێکەوە لە ئەلبوکەمالی سەربە، وەک ئەوەی پێی دەڵێن ویلایەتی فورات کە دەکەوێتە سەر سنووری سووریا عێراق، گوازتوویەتییەوە، داعش مامۆستاکانی شارەکەی ئاگادار کردووەتەوە، ئەمە دواڕۆژی وانەگوتنەوەیانە، هاوکات دەبێ پێوەندی بە خولی شەرعییەوە بکەن کە ڕێکخراوی داعش دایمەزراندووە، تا ئەو کاتەی پڕۆگرامی خوێندنیشیان کە جێگرەوەی خوێندنی"کوفر"ە، ئامادە دەبێ.
پێوەست بەم بابەتەوە، کۆمەڵێک لە قوتابیان و هەندێک لە مامۆستاکانیشیان، لە ناوچەیەکی بن دەستی داعش لە شاری دێرئەلزوور، خۆپێشاندانێکیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین ساز دا، کە تێیدا داوایان دەکرد قوتابخانەکان بکرێنەوە و ڕێ بە مامۆستا و قوتابیان بدرێ پرۆسەی خوێندن ڕانەگیرێ و درێژەی هەبێ.
زریان زیاد- CNN




