نامەكەی ئۆباما بۆ خامەنەئی ئاشكرا بوو.. پێوەست بە جەنگی دژ بە داعشە لە عێراق

ئاژانسەكان-KDP.info- رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، نامە نهێنەكەی (ئۆباما) ئاشكرا دەكات كە، ئاراستەی (عەلی خامەنەئی) كردووە و، تیایدا داوای كردووە لە بەرامبەر هاوكاریی ئێران بۆ جەنگی دژ بە داعش لە عێراق، ئەمەریكا لە گفتوگۆكانی چەكی ئەتۆمیی ئێران، نەرمی دەنوێنێت، بەو مەرجەی وەبەرهێنانی ئەتۆمیی ئێران، بۆ بواری ئاشتی بێت.
نامە نهێنەكەی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا (باراك ئۆباما)، لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو ئاراستەی رابەری گشتیی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران (عەلی خامەنەئی) كراوە، تیایدا هاتووە كە، ئەگەر ئێران لە جەنگی دژ بە داعش لە عێراق هاوكاریی ئەمەریكا بكات، لەبەرامبەردا ئەمەریكا ئەو هاوكارییە دەكاتە رێخۆشكردنێك بۆ رێككەوتن لەسەر چەكی ئەتۆمیی ئێران، بەو مەرجەی وەبەرهێنانی چەكی ئەتۆمی بۆ بواری ئاشتی بێت.
بەپێ زانیارییەکانی وۆل ستریت جۆرناڵ، گفتوگۆی ئەمەریكا و رۆژئاوا، لەبارەی چەكی ئەتۆمیی ئێران، "لە 24 ئەم مانگە دەبێت، بۆیە ئەمەریكا لە نامەكەدا نووسیویەتی ئەگەر ئێران یارمەتی بدات لە جەنگی دژ بە داعش لە عێراق، ئەوا كاریگەری لەسەر گفتوگۆكان دەبێت". وەك زانراوە ئەگەر 24ی ئەم مانگە، رێككەوتن لەبارەی چەكی ئەتۆمیی ئێرانەوە نەكرێت و ئێران چارەسەری پێ نەبێت، ئەوا ئێران لەلایەن ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاواوە، دەخرێتە حاڵەتی گەمارۆیەكی سەختترەوە.
ئەمریكا لە ساڵی 2009، چوارەمین جاریەتی، بە نهێنی نامە ئاراستەی كاربەدەستە باڵاكانی ئێران بكات، وەهایشا بڕیارە سبەی، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا (جۆن كیری)، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران (جەواد زەرەیفی) لە عەممان سەبارەت بە چەكی ئەتۆمیی ئێران گفتوگۆ بكەن.
رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ، پێوەندی بە كۆشکی سپیی ئەمەریکاوە كردووە لەبابەت ئەو نامە نهێنە، بەڵام گوتەبێژی كۆشكی سپی (جۆش ئیرنست) ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێك لە بارەی ئەو بابەتەوە بدات، تەنیا ئەوەی گوتووە، كە سیاسەتی ئەمەریكا بەرامبەر ئێران نەگۆڕاوە.
بەپێی شیكاری هەندێ لە سەرچاوەكانی میدیای جیهانیش، ئەمەریكا دەیەوێ ئێران رازی بكات كە بۆ دەستخستنە نێو كاروباری عێراق، پرس بە واشنتن بكرێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە هاتنی هەندێ لە سەربازانی ئێران بۆ عێراق و، پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی دژ بە داعش، رەنگە بە پرسی ئەمەریكا بووبێت. وەزیری دەرەوەی ئەمەریكایش گوتوویەتی، ئاساییە ئێران چەكی ئەتۆمی بۆ بواری ئاشتی هەبێت، بەڵام چەكی ئەتۆمی بۆ بواری جەنگ، بە هەموو شێوەیەك هێڵی سوورە.
شاو كوردی




