٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پارەیشیان چاپ کردووە.. چوار سەرکردەی دیاری رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کوژراون

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info-  بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دەڵێت، دوێنێ و ئەمڕۆ، لە پارێزگای مووسڵ چوار سەرکردەی دیاری رێکخراوی داعش و ژمارەیەک چەکداری دیکەی ئەو رێکخراوە کوژراون.

بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ(عیسمەت رەجەب) بە KDP.INFOی راگەیاند: "دوێنێ ئەمیرێکی داعش بە ناوی (ئەبوحوزیفە) لەگەڵ 17چەکداری دیکە لە خانوویەکدا بوون کە پاسەوانییان لێی دەکرد، لەلایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە ھێرشیان کراوەتە سەر و ھەموویان کوژراون."

(عیسمەت رەجەب) گوتیشی، ھەر ئەمڕۆ سەرکردەیەکی داعش بە ناوی (ئیسلام حەمدانی) کە ناسراوە بە (سەیف و ئیسلام) لە سەر رێگەی گشتی لە نزیک ناوچەی بادۆش لەلایەن چەکدارانی کەتیبەی مووسڵ کوژراوە.

زیاتر گوتی، شەوی رابردوو لە نزیک کۆگاکانی ئاسن لە رۆژھەڵاتی مووسڵ، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی داعش جۆری پیکابدا تەقییەوە، لە ئاکامدا چوار چەکدار کوژران، کە یەکێکیان سەرکردەی مەیدانی ھێزی یەدەگی داعشە لە مووسڵ بە ناوی (ئەوبوزەر ئەللیبی).
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ روونیشی کردەوە، ھەر ئەمڕۆ لەناو شاری مووسڵ، بەرپرسی دیوانی زانستی ئایینیی داعش بە ناوی (ئەبودوعا ئەلیەمانی) و دوو لە پاسەوانەکانی کوژراون.


ئەو بەرپرسەی پارتی راشیگەیاند، رێکخراوی داعش لە مووسڵ، جۆرێکی نوێی دراویان چاپ کردووە کە بە ناوی دەوڵەتی عێراقی ئیسلامییە و 100جونەیھی ئیسلامییە، بەڵام هێشتا کاریان پێ نەکردووە.
ھەروەھا گوتی، داعش رێنمایی بۆ خاوەن مۆلیدەکان دەرکردووە کە، کارەبای رۆژانە لە 10 سەعاتەوە بۆ پێنج سەعات کەم بکەنەوە، ئەمەیش لەکاتێکدایە کارەبای نیشتیمانی بە تەواوی بڕدراوە.


(رەجەب) لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی، داعش ھەڵمەتێکی بۆ دەستگیرکردنی ئەفسەر و پۆلیس و سەربازانی سوپای عێراق دەست پێ کردووە و، ھەر ئەمڕۆ دوو گەورەئەفسەری پۆلیسی مووسڵ، لەلایەن داعشەوە گولـلەباران کراون، کە پێشتر تۆبەیان کردبوو و، تەرمەکانیشیان رەوانەی فەرمانگەی پزیشکی دادوەری کراون.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار