بەغدا مووچە بۆ خۆبەخشەکانیش دابین دەکات، بەڵام هیی پێشمەرگە نادات

بەغدا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی حکوومەتی بەغدا دەداتە بەر ڕەخنە و دەڵێت، بەغدا بڕیاری داوە مووچە بۆ خۆبەخشەکانیش ببرێتەوە، بەڵام مووچەی ھێزی پێشمەرگە نادات.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان(ئەشواق جاف) بە kdp.infoی راگەیاند: "لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیران پێک ھاتووە بۆ ئەوەی مووچە بۆ خۆبەخشەکانی بەرەکانی جەنگ دژی داعش ببرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەیش داوای لیستی ناوی خۆبەخشەکان کراوە، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک باسی ھێزی پێشمەرگەی نەکردووە، لە کاتێکدا ھێزی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق."
(ئەشواق جاف) ڕوونی کردەوە، "ئەو خۆبەخشانە ئەگەر پێویستیان پێ ھەبێت، دخرێنە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق و ئەگەر پێویستیان پێ نەبێت وەکو پادداشت مانگانە مووچەیان پێ دەدرێت."
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی، "داوامان کردووە کە، پێویستە چۆن مووچە بۆ خۆبەخشەکان دابین دەکرێت، بە ھەمان شێوە مووچەی ھێزی پێشمەرگەیش بدرێت، چونکە ھێزی پێشمەرگە ھێزێکی فەرمییە."
گوتیشی، "من خۆم لەکاتی ھاتنی وەزیری داراییی حکوومەتی عێراقدا بۆ پەرلەمان، ئەو داواکارییەم لێی کردووە."
بڵند ئیبراھیم




