52 تیرۆریست لە مووسڵ كوژران.. یەكێكیان موفتی و بەرپرسی دادگەی شەرعیی داعشە

مووسڵ-kdp.info- بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ ڕایگەیاند، لە پارێزگای مووسڵ لە ئاكامی بۆردوومانكردنی مۆڵگەكانی داعش لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانەوە، موفتی و بەرپرسی دادگەی شەرعیی داعش كوژرا.
بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی)، بە kdp.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان لە مووسڵ مۆڵگەكانی داعشیان بە سەختی بۆردوومان كردووە و زیانی زۆریان پێ گەیاندوون.
(مەموزینی) گوتیشی، لە ئاكامی ئەو بۆردوومانەی فڕۆكە جەنگییەكاندا، 52 داعش كوژراون، كە یەكێك لەوانە موفتی و بەرپرسی دادگەی شەرعیی داعشە بە ناوی (ئوسامە عەبدولوەهاب ئەلتائی).
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، هەر ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ دوو ئافرەتیان گوللەباران كردوون، كە دژایەتیی تیرۆریستانیان كردووە.
بڵند ئیبراهیم




