٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هەوڵی گۆڕینی پارێزگاری مووسڵ دەدرێت و كوردیش لەگەڵ مانەوەیدایە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، لە هەوڵی لەسەركارلادانی پارێزگاردان و، سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیانیش لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ مانەوەی پارێزگارین لە پۆستەكەیدا، چونكە لەو دۆخە ناسكەدا كاتی ورووژاندنی ئەو بابەتە نییە."

سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە پارێزگای مووسڵ (سەیدۆ چەتۆ)، بە KDP.info-ی راگەیاند، لە دوای داگیركردنی مووسڵ لەلایەن داعشەوە، ئەندامانی پارێزگای مووسڵ، پارێزگار بە هۆكاری كەوتنی مووسڵ و بڕیاری تاكلایەنە و نەگەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا لە كاتی بڕیارداندا تۆمەتبار دەكەن، بۆیە هەر لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەندا لە قەزای تلكێف داوای لەسەركارلابردنی پارێزگار دەكرێت.

(چەتۆ) گوتیشی، ئەوانەی كە داوای لەسەركارلابردنی پارێزگار دەكەن، ئەندامانی كوتلەی نەهەزن كە كوتلەی پارێزگار خۆیەتی و لەكارەكانی رازی نین.
سەرۆكی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان لە پارێزگای مووسڵ ڕوونیشی كردەوە كە، "ئێمە وەكو كوتلەی برایەتی و پێكەوەژیان لەم بارودۆخەدا لەگەڵ گۆڕینی پارێزگاردا نین، چونكە كاتی ئەوە نییە و ئەگەر بشگۆڕدرێت، پێویستە رەزامەندیی ئێمە وەربگیرێت، هەر چەندە بەڵێنیان داوە بە بێ ئێمە پارێزگاری نوێ دانەنێن، بەڵام تاوەكو ئێستا ئێمە رازی نەبووین".

ئەوەیشی خستە ڕوو كە، لە ئێستادا ئەندامان سەرقاڵی كۆكردنەوەی واژۆن بۆ لەسەركارلابردنی پارێزگار و پێویستە لە كۆی 39 ئەندام، 21 ئەندام ئیمزای بكەن، كە رەنگە ئەو رێژەی دەنگە بە دەست بێت و لەسەر كار لابدرێت، چونكە ژمارەیەكی زۆری ئەندامان بەو پارێزگارە رازی نین.
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار