٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

حیزبی دەعوە نەخشەی دوورخستنەوەی مالیكی داڕشتووە.. زۆر شت دەربارەی مالیکی و بەرهەڵستکارەکانی بزانە

سەرچاوە: KDP.info
دوو کەس خەریکن ڕینکۆت بە بەر (مالیکی)دا دەکەن.

ئاژانسەكان-KDP.info-  بەپێی زانیارییە میدیاییەكان، بەرپرسە باڵاكانی حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق، نەخشەیان داڕشتووە كە، (مالیكی) لە سەرۆكایەتیی حیزب دوور بخەنەوە و،  دەیشیانەوێت بە زوویی كۆنگرەی دەعوە ساز بدرێت، تا بۆ ئەو پۆستەیش (حەیدەر عەبادی) شوێنگرەوەی (مالیكی) بێت. هاوكات ماڵپەڕێك زانیاری لە نووسنگەکەی (عەبادی)ـیەوە دەستکەوتووە و دەڵێ. (عەبادی) بۆچوونی وایە بەر لە كۆنگرە، (مالیكی) لە پۆستی سەرۆكی حیزب دوور بخرێتەوە و چەند بەرپرسێكی باڵای ئەو حیزبەیش، لەگەڵیدا هاوڕان.

حیزبێكی نوێ
لە 2012ـدا، بەپێی لێدوانی كەسێكی نزیك لە مەكتەبی  (مالیكی) كە، ماڵپەڕی "ئەلبەشیر و ئەلبەیان" بڵاویان كردووەتەوە، (مالیكی) نیازی هەبووە، حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق، جێ بهێڵێت و حیزبێكی نوێ دابمەزرێنێت. ئەو سەرچاوەیە زانیاری داوە، لەنێو حیزبی (دەعوە)ـدا سێ ئاراستەی جیاواز هەن، یەكەم: ئاراستەیەك ناوی حیزب و پێگەیان لە حكوومەت بۆ بەرژەوەندیی كەسی بە كار دەهێنن. دووەم: ئاراستەیەكی دی كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستخستنی پۆست لە حكوومەت یان حیزب. سێیەم: ئاراستەیەكی دی، كارەكانیان لەگەڵ (مالیكی) وەستاندووە و كۆتاییان بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی حیزبی دەعوە، هێناوە. (مالیكی)، پێی وایە لە نێو دەعوەـدا بەرپرسەكان، لەگەڵ بیر و بەرنامەی ئەودا نەگونجاون، بۆیە بەنیازە حیزبێكی نوێ رابگەیەنێت".

شوێنگرەوەی لە دەعوە
حیزبی دەعوەی ئیسلامی، بەپێی نووسینێك كە لە ماڵپەڕی كیتاباتدا بڵاو كراوەتەوە، چەند بەرپرسێكی باالای حیزبی دەعوە بە سەرۆكایەتیی (حەیدەر عەبادی) لە هەوڵی داڕشتنی نەخشەرێگایەكن بە مەبەستی درووخستنەوەی (مالیكی) لە پۆستی سەرۆكی پارتیی دەعوەی ئیسلامیی عێراق، (حەیدەر عەبادی) كە، ئێستا سەرۆكوەزیرانی عێراقە، بە شوێنگەرەوەی دەزانن. هەروەها بۆچوونێكی دی لە نێو حیزبی دەعوە دروست بووە كە، بەر لە سازدانی كۆنگرەی حیزبی دەعوەی ئیسلامی، كار بۆ لادانی (مالیكی) بكرێت، چونكە هۆكاری لاوازیی پێگەی دەعوەیان لە ئێستای شەقامی عێراق، بۆ (مالیكی) گەڕاندووەتەوە. بۆچوونیشیان وایە كە، لە 16-3- 2013 (مالیكی)، لە كۆنگرەی 16ـی دەعوە، بیانووی بە خراپیی بارودۆخی سیاسیی عێراق هێناوەتەوە، بۆیە یەكڕاست خۆی بە سەرۆكی حیزبی دەعوە، هەڵبژاردەوە.

دژەكانی مالیكی كێن؟
بەرپرسی باڵای حیزبی دەعوە (وەلید ئەلحلی)، لە بەیاننامەیەكی رابردووی كە، مێدیاکانی عێراقی بڵاویان كردووەتەوە، دەڵێت، "دەعوە بە هۆی (مالیكی)ـیەوە شكستی بردووە و، پێویستە دووری بخەینەوە و، هەرگیز لێی بێدەنگ نەبین."
(عەباس بەیاتی)، (عەلی ئەلعەلاق) و (حەیدەر عەبادی)، هاوشێوەی (وەلید ئەلحلی)،  كە بە چوارگۆشەی سەرەكیی حیزبی دەعوە ناسراون، نەخشەڕێیەكیان داناوە بۆ دوورخستنەوەی (مالیكی) لە سەرۆكی حیزبی دەعوە. ئەم چوارگۆشەیە توانییان (مالیكی) لە ویلایەتی سێیەم بۆ سەرۆكوەزیرانی عێراق، دوور بخەنەوە، بۆیە ئێستایش لە هەوڵدان كە بەر لە كۆنگرەی دەعوە، (مالیكی) لە سەرۆكی دەعوە دوور بخرێتەوە و بواری خۆكاندیدكردنیشی لە كۆنگرەدا نەبێت.
(حنان ئەلفەتلاوی) كە نزیكترین كەسی (مالیكی)ـیە لەنێو حیزبی دەعوەدا، بۆ (العالم الجدید) ئاشكرای كردووە كە، هەریەك لە (عەلی ئەلعلاق) و (وەلید ئەلحلی)، ئینشقاقیان لە حیزبی دەعوە كردووە. هاوكات سەرچاوەیەك لە مەكتەبی سەرۆكوەزیرانی عێراق، (حەیدەر عەبادی)، ئاشكرای كردووە كە، (عەبادی) سەرپەرشتیی كۆبوونەوەیەكی چەند بەرپرسێكی باڵای حیزبی دەعوەی كردووە بەمەبەستی پەلەكردن لە دوورخستنەوەی (مالیكی) لە سەرۆكی حیزبی دەعوەدا. سەرچاوەكە كە بۆ ماڵپەڕی Thay 8 رایگەیاندووە،  (عەبادی) نیگەرانە، چونكە زانیویەتی (مالیكی) دەستی كردووە بە لادانی هەندێ بەرپرسی نێو حیزبی دەعوە، بە بیانووی ئەوەی یارمەتیدەری (عەبادی) بوون كە بووەتە سەرۆكوەزیرانی عێراق، بۆیە (عەبادی)، توانیویەتی كۆدەنگییەك لە دەستڕۆیشتوانی نێو حیزبی دەعوە دروست بكات كە (مالیكی)، لە پۆستی سەرۆكی حیزب، دوور بخەنەوە. ئەگەرچی كۆدەنگەیەك هەیە كە (مالیكی) لە كۆنگرەی ئەمجارەی دەعوە، بواری خۆكاندیدكردنی نەبێت، بەڵام بەپێی زانیاریی میدیاكان، لە ئێستادا (عەبادی)، (عەلی ئەلعلاق)، (وەلید ئەلحلی) و (عەباس ئەلبەیاتی)، دەیانەوێت بەر لە سازدانی كۆنگرە (مالیكی) بە هەمان سیناریۆی دوورخستنەوەی لە سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە سەرۆكی دەعوەیش دوور بخرێتەوە.

بۆچی كورسییەكانی دەعوە كەمی كرد؟
حیزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق، لە ساڵی 1957 دامەزرا و، (محەممەد باقر سەدر) دامەزرێنەریەتی. دەعوەی ئیسلامی، لە یەكەم هەڵبژاردنی دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی هاوپەیمانێتی كرد و، بەو هۆیەوە باڵادەستیی شیعەیان لە نێو شەقامی عێراقیلە بەرژەوەندیی خۆیان بە دەست هێنا، بەڵام وەك دەزانرێت لە سەروی حیزب و باڵادەستی، مەرجەعی شیعەیە كە (سیستانی) رابەرایەتی دەكات. دواتر (مالیكی) وەك سەرۆكی حیزبی دەعوە دەوڵەتی یاسای رایگەیاند و، چوار لایەنی دیكەی شیعە هاتنە نێو هاوپەیمانێتییەكەیەوە، ئەمانیش، بەدر، سەربەخۆكان، رێكخستنی عێراق و دەعوە بوون، (مالیكی) بە سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا، دیاری كرا.
ئەگەر سەیری دواهەڵبژاردنی عێراق 2014 بكەین، كورسییەكانی دەوڵەتی یاسا بەم شێوەیەن: دەعوەی (مالیكی) 13  كورسی، سەربەخۆكان (حوسێن شەهرستانی) 33 كورسی، بەدر (هادی عامری)  22 كورسی، رێكخستنی عێراق، 16  كورسی، كەمترین كورسی لە دەوڵەتی یاسادا کە بە دەست هاتبێت، حیزبی دەعوەیە کە (13) كورسییە و (مالیكی)ـیش سەرۆكایەتی دەكات.
بەرپرسێكی باڵای شیعە (حەسەن سنێد) بۆ راگەیاندنەكان ئاماژەی داوە كە، "بە هۆی سیاسەتی (مالیكی) لە حكوومەت و بایەخنەدانی بە دروستكردنی حوسێنییە و لایەنی شیعی و كاروباری دینی، دەعوە دەنگەكانی كەمی كرد." بەڵام ئەمە تەنیا هۆكار نییە، بەڵكو چەند هەڵەیەكی كوشندە و ستراتیژی كە (مالیكی) ئەنجامی دان، وەك میدیاكاران شرۆڤەیان كردووە، هۆكارێكن كە پێگەی حیزبی دەعوە لە شەقامی عێراق، لاواز بێت. (مالیكی)، لە كاتی هەڵبژاردنەوەی ویلایەتی دووەمی، چەندین بەڵێنی بە شەقامی عێراقی و پێكهاتەكان و پارتییە سیاسییەكان دا، بەڵام بە هۆی تەسككرنەوەی عێراق بۆ بەرژەوەندیی تاكەكەسی خۆی و بڕیادانی تاكڕۆیانەی، جووڵاندنی سوپا، سیاسەتی پەراوێزخستنی سوننە و، بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان، ئەمانە بوونە هۆكارێك كە لە كەسێكی متمانەپێكراو، ببێتە كەسێك كە عێراقییەكان تەمەننای چۆڵكردنی كورسییەكەی بكەن، لە كاتێكدا، هەرێمی كوردستان وەك یەكەم كەناڵی دیپلۆماسی پێوەندی بە حیزبە سیاسییەكانی عێراقەوە كرد و، بە ئاشكرا پێی راگەیاندن كە كورد، قبووڵی نییە (مالیكی) بۆ ویلایەتی سێیەم، هەڵبژێردرێتەوە. هاوكات ئێران كە، نفوزی سیاسی بەسەر شیعەكانی عێراقدا هەیە، بە ئاشكرا بە (مالیكی) راگەیاند، كورسیی سەرۆكوەزیران بۆ كەسێكی دیكەی شیعە، چۆڵ بكە. رەوتی سەدر و پارتییەكەی (عەمار ئەلحەكیم) و رەوتی چاكسازی (ئیبراهیم جەعفەری)، هۆشدارییان بە (مالیكی) دا كە، دەست لە كورسییەكەت هەڵگرە.

هاوكات هەڵەیەكی دیكەی ستراتیژی، نەبوونی پلانێكی سەربازی بوو، بەتایبەت كە تیرۆریستانی داعش لە عێراق بەدیار كەوتن، نیشانەی پرسیار خرایە سەر كابینەكەی (مالیكی) و سوپای عێراق، كە بۆچی سوپایەكی بەهێز لە چەند خولەكێك شارێكی وەك مووسڵی لە دەست دا؟ ئەی پێناسەی ئەو سوپایە بۆ ئەنبار، تكریت، فەللوجە و ناوچەكانی دی چیی؟ ئەمانە بوونە پرسێكی نێوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، تا وای لێهات ئەمەریكا بە (مالیكی) راگەیاند ویلایەتی سێیەم هیڵی سوورە. بڕیارە تاكڕۆكانی (مالیكی) لە عێراق، زۆرترین بواری لەخۆ گرتبوو، سیاسی، ئابووری، دینی، كۆمەڵایەتی، دارایی و ...، ئەمانە نیشانەی پێشوەختە بوون كە، (مالیكی) بەرەو قەیرانێكی قووڵ هەنگاوی دەنا، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە كە وادەی هەڵبژاردن نزیكە و لە لایەن پێكهاتە سیاسییەكانی دیکەی عێراق، چاودێری دەكرێت. لەگەڵ ئەمەیشدا ئەمەریكا (مالیكی) رەت كردەوە، چونكە بە ئاشكرا بەرپرسە باڵاكانی ئەمەریكا رایانگەیاند كە ئێمە رێككەوتنی ستراتیژیمان لەگەڵ عێراقدا هەیە، كەچی (مالیكی) دەچێ بۆ كڕینی چەك رێككەوتن لەگەڵ رووسیادا دەكات. ئەوەبوو دووساڵ بەر لە ئێستا لە كاتی كردنەوەی پێشانگای سەربازیی وڵاتانی جیهان لە بەغدا، كۆمارییەكانی ئەمەریكا رایانگەیاند، فرۆشتنی چەك بە عێراق كارێكی هەڵەیە و، پێویستە لەم پێشانگایە هیچ رێكکەوتنێكی فرۆشتن و كڕینی چەك نەكرێت. لەلایەكی دی، بەپێی زانیاریی میدیایی، (مالیكی) تەخشان و پەخشانی بە بودجەی عێراق دەكرد و، حوكمی مەركەزیەتی بەسەر پارێزگاكانی عێراقدا دەچەسپاند و، شەقامی سوننەی بە رێگەی جووڵاندنی سوپای عێراق، جاڕ كردبوو، جگە لەمەیش دژایەتیێكی سەختی لایەنە سیاسییەكانی دی شیعەی دەكرد، لەگەڵ سعوودیە و توركیا ناكۆكیی زۆری هەبوو، لەگەڵ ئەمەیشدا دەیویست یارمەتیی حكوومەتەكەی (بەشار ئەسەد) بدات. جگە لەوەی كە كابینەكەی چەندین بۆشایی سیاسی هەبوو كە خۆی بریكاری زیاتر لە 10 پۆستی كابینەكە بوو.
خاڵێكی دی کە بەر لە دووساڵ، نەخشەی جووڵاندنی سوپای دیجلەی بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، داڕشت و ساڵێك بەر لە ئێستا بڕیاری جووڵاندنی دا، بەڵام هێزی پێشمەرگە رێی پێ گرت و ناچار بە كشانەوەی كرد. لە كاتی خۆكاندیدكردنەوەیشی بۆ ویلایەتی سێیەم، زۆربەی چاودێرانی سیاسیی عێراق، بۆچوونیان وابوو، ئەگەر هۆشداریی ئەمەریكا و كورد نەبوایە، (مالیكی) ئینقلابی بەسەر عێراقدا دەكرد، بەڵام ئەوەندەی نەبرد چەكدارانی داعش، مووسڵیان گرت و، سوپا بەهێزەكەی (مالیكی) بە چەكی قورسەوە، شەڕی پێ نەكراو خۆی رادەستی تیرۆریستانی داعش كرد، ئەگەر بەرگریی هێزی پێشمەرگەیش نەبووایە وەك چاودێران دەڵێن، رەنگە بەغدا، بە هۆی سیاسەتی (مالیكی)ـیەوە بكەوتایە ژێردەستی داعش.

شاو كوردی
 

هەواڵی پەیوەندیدار