٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەشواق جاف: لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق، دیاریکران... گۆڕانکاری لە لیژنەکان دوو ساڵ جارێکە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا_kdp.info_ پەرلەمانتار (ئەشواق جاف)، رایدەگەیەنێت کە، سەرۆک و جێگری لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق، دوو ساڵ جارێک دەگۆڕدرێن و، جارێکی دیکەیش لە نێوان پارتە سیاسییەکانی کورد، پێویستی بە دابەشکردنەوە هەیە.

ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە لیستی پارتیی دیموکراتیی کوردستان (ئەشواق جاف) بە kdp.infoـی راگەیاند: سەرۆک، جێگر و بڕیاردەری لیژنەکان، بەشێوەی دوو ساڵ بە دوو ساڵ، بەسەر کوتلەکان دابەشکراون، بەجۆرێک دوو ساڵی یەکەم پێنج لیژنە بۆ کورد دەبێت کە، دووساڵی یەکەم کورد، لیژنەکانی نەوت و گاز، ئاوەدانکردنەوە، خوێندنی باڵا، تەندروستی و، کۆمەڵگەی مەدەنی، دەگرێتە ئەستۆ و، دووساڵی کۆتاییش، لیژنەکانی پێوەندی دەرەوە، یاسایی، پەروەردە و هەرێم، پارێزگاکان و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەردەگرێت .
(ئەشواق جاف) گوتیشی: "سەرەتا پێنج لیژنە بۆ ئێمە دیاری کرابوون کە، لیژنەی نەوت و گاز، خوێندنی باڵا، بۆ یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و، لیژنەی یاسایی و تەندروستی، بۆ پارتیی دیموکراتیی کوردستان و، پێوەندی دەرەوەیش بۆ گۆڕان دەبوو، بەڵام لە ئێستادا گۆڕانکاری بەسەر لیژنەکاندا هاتووە و، پێویستی بە دوروبارە دابەشکردنەوە هەیە".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتیی دەشڵێت، لە یەکەم ساڵدا کورد، پۆستی جیگری سەرۆک لیژنەکانی هەریەک لە پێوەندی دەرەوە، باسایی، پەروەردە و هەرێم، کاروباری کۆمەڵایەتی، پێیدەدرێت و، بۆ دووساڵی کۆتاییش، پۆستی جێگری سەرۆکی لیژنەکانی نەوت و گاز، ئاوادانکردنەوە، خوێندنی باڵا، ژنان و گەشت وگوزار لە ئەستۆ دەگرێت .
سەبارەت بە بڕیاردەری لیژنەکان، بۆ کورد ( ئەشواق جاف ) ئاماژەییدا کە، کورد لیژنەی ئاساییش و بەرگری، دارایی و کۆچ وکۆچبەران، ژنان،  رۆشنبیری و راگەیاندن، وەردەگرێت، هاوکات ئاماژەییدا کە، لەبەر ئاڵۆزی شێوازی دابەشکردنەکە، بە خشتە چۆنیەتی دابەشکردنی لیژنەکان، بە پەرلەمانتاران، دراون.
جێی ئاماژەیە، بەهۆی رێککنەکەوتنی کوتلەکانی نێو پەرلەمانی عێراق، لە بابەت وەرگرتنی لیژنەکانەوە، بڕیاردرا کە، دووساڵ جارێک گۆڕانکاری لە لیژنەکان، بکرێت.

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار