٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەشار کیکی: دواکەوتنی لە خزمەتی بەرژوەندیی گشتی نییە.. ئازادکردنەوەی مووسڵ نزیکە

سەرچاوە: KDP.info

موسڵ_kdp.info_ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، (بەشار کیکی) رایدەگەینێت کە، وەک ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، بە پێویستیان زانیوە سەردانی بەغدا بکەن و، لە میانەی سەردانەکەیشدا  گشت داواکاری ئاوارەکان و، خەڵکی مووسڵیان بە  حکوومەتی بەغدا گەیاندووە، بە مەبەستی ئاگاداربوونیان  لە هەنگاوەکانی حکوومەتی عێراق، کە بۆ ئازادکردنەوەی مووسڵ و، کۆمەکی ئاوارەکان، چ هەنگاوێک نراوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ، (بەشار کیکی)، بە KDP.info ڕایگەیاند کە، لەسەردانێکیان بۆ بەغدا،  لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەک لە وەزیرەکان کۆبوونەتەوە، "داواکاریەکانمان پێشکەش کردن، چوونی  ئێمەیش بۆ بەغدا هاندەر بوو، تا زیاتر باسی رزگارکردنی مووسڵ، تاوتووبکرێت، چونکە دواکەوتنی رزگارکردنی مووسڵ، لەخزمەتی بەرژوەندی گشتیی نییە و، چەند دوابکەوێت، داعش زێتر خۆی پتەو دەکات".
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ رونیشی کردەوە،هەموو ئەوانەی لەگەڵیان کۆبوونەتەوە ئامادەیی خۆیان بۆ رزگارکردنی موسڵ پیشاندا و، بە پێویستیان زانی ناکۆکییەکان وەلابنرێن و، هەوڵی رزگارکردنی موسڵ بدرێ. هەروەها گەشبینی پیشاندا کە بەزووی موسڵ، ئازادبکرێتەوە، چونکە لە بەغدایش پێیان راگەیاندین کە ئازادکردنی مووسڵ، بە واتایی ئازادکردنی هەموو عێراق، دێ.
سەرۆکی ئەنجوومەنی شەرعی پارێزگای مووسڵ، "راشیدەگەیەنێت، کە ئەو خەڵکەی دەستی لەگەڵ داعش، هەیە وازبهێنن و، دووربکەنەوە، ئەگەر نا دواتر دەرفەتی ئەوەیان پێنادرێت. ئەو خەڵکانەی تاوانیشی کردووە پێویستە سزابدرێن. پێویستە خۆمان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە بکەین، بۆیە لەئێستادا ئامادەکاری پراکتیکی کراوە و، بەرنامەیش هەیە کە بە زوویی موسڵ، ئازادبکرێتەوە". (بەشار کیکی)، لە بابەت ئەو گلەییانەی کە دەکرێت بۆچی لە میانەی چوونیان بۆ بەغدا ئەندامی هەندێ لایەنی لەگەڵ نەبووە؟ دەڵێت: "چوونی ئێمە بۆ بەغدا وەک حیزب نەبوو، تەنیا سەرۆک، جێگر، سەرۆکی لیژنەکانی ئەنجوومەن، لەگەڵ ئێمە هاتوون. ئێمە کوتلە و، کوتلەکاری ناکەین، وەک ئەنجوومەن سەردانی بەغدامان کردووە نەوەک سەردانێکی حزبی بووبێت".

بڵند ئیبراهیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار