150 تەرمی جەنگی ئێران و عێراق دۆزرانەوە.. لە گرمەندیل پشکنین بەردەوامە

سۆران-KDP.info- قائیمقامی قەزای چۆمان (عەبدولواحید گوانی) بە KDP.infoی راگەیاند، ئەو تیمەی ئێران بە ئاگاداری و هەماهەنگی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە ناوچەكە و لە ژێر چاودێریی تیمە ئەمنییەكان كاری رۆژانەی خۆیان دەكەن، كە گەڕانە بە دوای ئێسك و پروسكی پاسدارانیان لە چیای گرمەندیلی سنووری قەزای چۆمان و رۆژانەیش چەندین تەرمی سەربازانی عێراق و پاسدارانی ئێران دەدۆزنەوە.
بەپێی لێدوانی سەرچاوەیەك لە بەرێوەبەرایەتیی ئاساییشی چۆمان بۆ KDP.info، تیمەكەی ئێران پێك هاتوون لە دوانزە كەس و بە ئامێری حەفارە و بلدۆزەر لە كۆنە رەبایەكانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان عێراق ئێران دەكۆڵنەوە و تاكو ئێستایش (150) كوژراوی هەردوو لا دۆزراونەتەوە و دوای ئەنجامدانی پشكنینش، دەرکەوت کە (110)لەو تەرمانە پاسداری ئێرانین و (40) تەرمیش سەربازی عێراقین.
جێی وەبیرهێنانەوەیە، زیاتر لە مانگێكە تیمێكی ئێران بە كەرەستەی گەڕان و پشكنین و پسپۆڕی بواری سەربازییەوە لە چیای گرمەندیل بە دووری هەشت كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی چۆمان، سەرقاڵی هەڵدانەوە و لێكۆڵینەوەی بنكە سەربازییەكانی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان هەردوو وڵاتی عێراق و ئێرانن، ئەو چیایەی بۆ هەشت جار سەختترین رووبەرووبوونەوەی جەنگی هەردوو لای تێدا بەرپا بووە و مەزەندە دەكرێت زیاتر لە 100 هەزار سەربازی هەردوو لا لەوێ کوژرابن.




