بۆ ئەمیرەکانیانە.. داعش ژنە جوانەکانی مووسڵ ناچار بە تەڵاق دەکات

هەولێر-KDP.info- سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراقی دەڵێ، ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ژنە جوانەکانی مووسڵ و ئەو شوێنانەی دیکەی عێراق کە لە بن دەستینی، بۆ تێرکردنی ئارەزووی ئەمیرەکانیان، ناچار بە تەڵاق وەرگرتن دەکەن.
ئەو سەرچاوە باڵا ئەمنییەی کە ناوی نەبراوە، بۆ فارس نیوز جەختی کردووەتەوە، زۆر پەیام لەم بارەیەوە بە پیاوانی ئایینی و سەرۆکهۆز و هێزە ئەمنییەکان دەگەن، کە داعش لە مووسڵ و هەندێکی دیکەی ناوچەکانی بن دەستیان، بە هۆی بە زۆر تەڵاق پێوەرگرتن، ژنیان نەهێشتوون، ئەمەیش "مامەڵەیەکی نادینی و نائەخلاقییە سەرکردە و ئەندامانی داعش پێڕۆی دەکەن."
زیاتر گوتی، "ئەو سەرکردانەی کە بە سەرکردە هەرە باڵاکان ناسراون، ژنە جوانەکان ناچار دەکەن تەڵاق لە مێردەکانیان وەربگرن و لە خۆیانی مارە دەکەن."
گوتیشی، "ژمارەیەکی زۆری ژنانی مووسڵ، سەرباری ڕەتکردنەوەیان، بە هۆی هەڕەشەی کوشتن لە ژنەکان یان دایک و بابیان، ئەگەر منداڵیشیان هەبێ لەژێر هەڕەشەی کوشتنی منداڵەکانیان، تەڵاقیان پێ لە مێردەکانیان وەرگرتوون."
ئەو سەرچاوەیە نموونە بە جێگرێکی (بەغدایی) دەهێنێتەوە کە چۆن، ژنێکی زۆر جوانی مووسڵاوی، بە بیانووی ئەوەی کەسێکی ڕۆشنبیرە و پێگەیەکی باشی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری هەیە، کە لە واقیعدا دەوڵەمەندیش بووە، ناچار کردووە تەڵاق لە مێردەکەی وەر بگرێ، دوای ئەوەی هەڕەشەی کوشتنیان لە کچە بچکۆلانەکەی کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕێگای ڕاکردنیان نییە، چونکە کاتێک بیانەوێ ڕابکەن، ئەوا کەسی نزیکی ئەو ژنە یان کچە دەکەوێتە بەر ڕەحمەتی شمشێر یان گولـلەی داعش."
ئەو دەشڵێت، زۆرێک لە ژنانی مووسڵ ئەگەر دەرفەتی ڕاکردنیان هەبووبێ، ئەوا ڕایانکردووە و هەندێکیش بۆ ئەوەی نەکەونە دەست داعش، خۆیان کوشتووە.
زریان زیاد




