٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەغدا بەڵێنی داوە، داواکارییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ جێبەجێ بکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  ئەنجوومەنی پاریزگای مووسڵ، لە پێناو ڕازیکردنی بەغدا بۆ، پێكهێنانی هێزێك بۆ ئازادكردنی شاری مووسڵ، بایەخدان بە رەوشی ئاوارەكان و چەندان داواكاریی تریش، چاوەڕوانییان لە بەغدا هەیە بڕیار لەبارەیانەوە بدات   .
ئەندامی ئەنجوومەنی پاریزگای مووسڵ (هاشم بریفكانی) بە PDK.INFO ی ڕاگەیاند: "چەند رۆژێكە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا(بەشار كیكی)، لە بەغدای پایتەختین، بۆ ئەوەی بگەین بە رێگا چارەیەك لەگەڵ بەرپرسانی عێراق  بۆ ئەو رەوشەی كە پارێزگای مووسڵ تێی کەوتووە.. ئامانجمان ئەوەیە، وەک ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ لە كاروباری ئەمنیدا بەشدار ببین، چونكە پێشتر ئەنجوومەن هیچ بەشدارییەكی نەبووە"، زیاتر گوتی، "لە دانانی بەرپرسی ئەمنیی ئەو شارە یاخود بەڕێوبەرانی و سەركردەكانی پۆلیس هەروەها كاركردن بە یاسای لامەركەزیەت كە یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاكانە، ڕۆڵی ئەنجوومەن تێیاندا پەراوێز خراوە."
(هاشم بریفكانی) هاوکات دەڵێ، لە دیداریاندا لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق (محەممەد ئەلغەبان) پرسی پشتگیریی ئەو بنكە سەربازییەی كە بۆ مەشق و راهێنانی هێزی ئازادكردنی مووسڵ هاتووەتە ئاراوە و لە دوبەردانە، كە 4500 كەس ئیستا مەشقی تێدا دەكەن، خستوومانەتە بەر باس و، داوامان کردووە پڕچەك بكرێن و بودجەیەكی تایبەتیان بۆ دیاری بکرێ و مووچەیان بۆ ببڕێتەوە. دووەم كردنەوەی لقێكی فەرمانگەی رەگەزنامە و باری شارستانی و هەروەها لقێكی فەرمانگەی پاسپۆرت بە هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەولێر و دهۆك، سێیەم داواکاریمان، پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی پارێزگای مووسڵ و كارمەندانی پۆلیسی ئەو شارەیە، کە هێشتا نەدراوە، جگە لەوانەی كە ئیستا لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدان، چوارەمیان  پرسی ئەو 103 ئەفسەرەی كە خانەنشین كراون، پێداچوونەوەیان بۆ بکرێ و کە هەندێكیشیان لە سەر كاری خۆیان لادراون، پێنجەم داوکاری ئەوەیە کە، کۆی كارمەندانی فیرقەی 3ی  پۆلیسی  فیدراڵ كە خەڵكی ئەو شارەن، بۆ ناو ئەو هێزەی كە ئامادە دەكرێت بۆ ئازادكردنی شاری مووسڵ بگوێزرێنەوە."
(بریفكانی) زیاتر گوتی: "لەگەڵ لیژنەكانی مافی مرۆڤ و لیژنەكانی تر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبونەوەمان ئەنجام داوە، تێیاندا داوامان كردووە كە لە شوێنی ئەو هاوكاریانەی بە ئاوارەكان دەدرێت، مووچەیەكی مانگانەیان بۆ دیاری بکرێ و كارتی زانیارییان بۆ دروست بکرێ، بۆ ئەوەی گەندەڵی تێدا نەكرێت و بە ڕێكی دابەش بکرێ و كەس بێبەش نەبێ."
(هاشم بریفكانی) گوتیشی کە، بەرپرسانی بەغدا و وەزیری ناوخۆ، خۆشحاڵ بوون بەوەی کە لە نزیكەوە لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵدا كۆ بوونەتەوە و بەڵێنیان داوە هەموو ئەو داواكارییەکانیان جێبەجێ‌ بكەن .
نەشوان بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار