مالیکی بودجەی 2014-ی تاڵان کردووە... بەم نزیکانە سلفەیەک بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت

بەغدا-KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، (نووری مالیکی) بودجەی ئەمساڵی تاڵان کردووە، بۆیە حکوومەت تەنیا بودجەی ساڵی داھاتوو رەوانەی پەرلەمان دەکات و بودجەی ئەم ساڵ رەوانە ناکات.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان(عەرەفات کەرەم) بە kdp.infoی راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەرلەمان بانگھێشتی وەزیری دارایی و پلاندانان و نەوتی کرد، تێیدا باس لە پڕۆژەیاسای بودجە کراوە و، بۆ پەرلەمانتاران دەرکەوت کە (نووری مالیکی) بودجەی ئەمساڵی تاڵان کردووە و نەماوە.
(عەرەفات کەرەم) گوتیشی، "گەشبینم لە ماوەیەکی نزیکدا بەغدا سلفەیەک بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات، چونکە خۆم قسەم لەگەڵ وەزیری دارایی کرد و باسی لەوە کرد لە بودجەی ئەمساڵدا، لە ماویەکی زۆر نزیکدا سلفەیەک بۆ ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکەن".
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی زیاتر گوتی، رەنگە دوای پشووی موحڕڕەم، حکوومەت بودجەی 2015 رەوانەی پەرلەمان بکات و، بودجەی ئەمساڵ رەوانە ناکرێت، ئەوکاتیش کێشەی بودجەی ھەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای ساڵی داھاتوو چارەسەر دەکرێت.
(کەرەم) روونیشی کردەوە، پێویست بوو لە سەرەتای مانگی داھاتوو، پەرلەمان دوو مانگ پشوو وەربگرێت، بەڵام ئەمڕۆ بۆ ماوەی مانگێک پشووەکەی درێژ کردەوە و تامانگێکی دیکە، پشوو وەرناگرێت و لە کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبن.
بڵند ئیبراھیم




