كوتلەكان لەبارەی سەرۆكی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانەوە گەییشتە رێككەوتن.. سەرۆكی پێنج لیژنە بۆ كورد دەبن

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، كوتلەكانی ناو پەرلەمان سەبارەت بە سەرۆكی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانەوە گەییشتوونەتە رێككەوتن و بڕیاریشە ئەمڕۆ دەنگی لەبارەوە بدرێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (ئەردەلان نورەددین)، بە KDP.infoـی راگەیاند، دوای گفتوگۆیەكی درێژ لە نێوان كوتلەكاندا لەبارەی سەرۆكی لیژنەكەكانەوە، لە ئێستادا گەییشتوونەتە رێككەوتن، بە جۆرێك هەر دوو ساڵ جارێك سەرۆكی لیژنەیەك بۆ كوتلەیەك بێت.
(ئەردەلان) گوتیشی، لەو لیژنە هەمیشەییانەی پەرلەمان، پێنج لیژنە بەر كورد كەوتوون بۆ ماوەی دوو ساڵ، ئەوانیش لیژنەی نەوت و غاز، كۆمەڵگای مەدەنی، تەندروستی، ئاوەدانكردنەوە و لیژنەی خوێندنی باڵان.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوەیشی خستە ڕوو كە، بڕیارە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا پەسەند بكرێن.
زیاتر گوتی، لەو پێنج لیژنەیە، دوو سەرۆك لیژنە پۆ پارتیی دیموكراتی كوردستان، دوویش بۆ یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و سەرۆكی لیژنەیەكیش بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت.
بڵند ئیبراهیم




