٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سبەی پەرلەمان لەبارەی دواكەوتنی بودجەوە میوانداریی سێ وەزیر دەكات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لەبارەی دواكەوتنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان، سبەی میوانداریی سێ وەزیر دەكەن بۆ ئەوەی ڕوونكردنەوە بدەن.

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (نەجیبە نەجیب)، بە KDP.info-ی راگەیاند، پڕۆژەیاسای بودجە دوا كەوتووە و تاوەكو ئێستایش حكومەت بۆ پەرلەمانی نەناردووە، هەروەها دیاریش نییە كەی ڕەوانە دەكرێت.

(نەجیبە) گوتیشی، بڕیارە لە بارەی هۆكاری دواكەوتنی رەوانەكردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، سبەی میوانداریی هەر یەكە لە وەزیری دارایی و پلاندانان و نەوت بكەن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر گوتی، لە كۆبوونەوەی سبەیدا ئەو وەزیرانە هۆكاری دواكەوتنی نەناردنی بودجە ڕوون دەكەنەوە و ئەو كات دیار دەبێت چ كێشەیەك هەیە و بۆچی تاوەكو ئێستا نەنێردراوە.

پێشتر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە نووسراوێكی فەرمی داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران كرد كە، پەلە لە ناردنی بودجە بۆ پەرلەمان بكەن بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت، چونكە لە سەرەتای مانگی داهاتوودا پەرلەمان بۆ ماوەی دوو مانگ پشوو وەردەگرێت و پەسەندكردنی بودجەیش دەكەوێتە ساڵی داهاتووەوە.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار