سبەی پەرلەمانی عێراق لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی رفاندنی هاووڵاتیانی كورد و سوننە دەكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیارە سبەی كۆ ببنەوە و تێیدا دەست بە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی رفاندنی هاووڵاتیانیانی كورد و سوننە بكەن كە تاوەكو زیاتر لە 25 هاووڵاتیی كورد رفێندراون.
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە KDP.info-ی راگەیاند، "دوای ئەوەی چەند كەسێكی كورد رفێندران، داواكارییەكم پێشكەشی لیژنەكەی خۆمان كرد بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەو كارە بكرێت و داواكارییەكەیشم قبووڵ كراوە و بڕیارە سبەی دەست بە لێكۆڵینەوە بكەن".
(شاخەوان) گوتیشی، "هەر ئەمڕۆ پەرلەمانتارانی سوننە هاتنە لام و پشتگیرییان لە داواكارییەكەی من كرد، هەروەها باسیان لەوە كرد كە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیی سوننەیش لە دیالە رفێندراون.
ئەو پەرلەمانتارە زیاتر گوتی، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 25 هاووڵاتیی كورد رفێندراون و بەشێكیان بە پارە ئازادكراون و بەشێكیشیان تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، لە كۆبوونەوەی سبەیدا دەست بە لێكۆڵینەوە دەكرێت و ئەو كات بڕیار دەدەن چ بەرپرسێك لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە بانگهێشت بكەن.
بڵند ئیبراهیم




