دەشێ پەیڕەوی ناوخۆی فڕاكسیۆنی پارتی ببێتە بنەمای کاری هاوپەیمانیی کوردستانی.. پارتی زۆرێكی پۆستەكانی خۆی داوەتە لایەنەكانی دیكە

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، باس لە كۆدەنگیی كورد لە ئاست دروستكردنی هاوپەیمانەتییەك بەرانبەر بە پرسە سیاسییەكانی عێراق دەكات. دەشڵێت، "پارتی لە پێناوی یەكڕیزیی كوردستاندا، زۆرێك لە پۆستەكانی خۆی داوەتە لایەنەكانی دیكە".
لەبارەی دروستكردنی لیستێك بە ناوی هاوپەیمانیی كوردستان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە سەرجەم حزبەكان تێیدا بەشدارن، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (سیروان سیرینی)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "هەفتەی ڕابردوو فڕاكسیۆنی پارتی لەسەر دروستكردنی لیستێك بە ناوی هاوپەیمانیی كوردستان كۆ بووینەوە، سەرۆكی كوتلەكانیش كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، بۆیە بە پێویستی دەزانین بە زووترین كات كوتلەی كوردستانی لە چوارچێوەی پەیڕەوێكی ناوخۆدا ڕێك بخرێت، ئەوەی منیش ئاگادارم، لە نووسینگەی جێگری سەرۆكی پارتی (نێچیرڤان بارزانی) پەیڕەوێكی ناوخۆ ئامادە كرابوو كە خۆمان وەك فڕاكسیۆنی پارتی نووسیومانەتەوە، بەڵام دەكرێت شتێكی لەو شێوە ڕێك بخرێت و حزبە سیاسییەكانی كوردستانیش لەناوخۆماندا ڕێك بكەوین كە یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین، چونكە یەكدەنگی لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە".
(سیرینی) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "بەر لەوەی بچینە بەغدا، لیستی پارتی ئەو پەیڕەوەمان نووسیوە، ئەوەیش لە ڕێگەی پسپۆڕ و شارەزایانی ئەو بوارەوە پێشنیاز كراوە كە شتێكی زۆر باشە و هەموو لایەك سوودی لێ وەردەگرن".
گوتیشی، "داوامان كردووە لەسەر ئاستی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستاندا كۆبوونەوەیەك بكرێت بۆ چۆنیەتیی ڕێككەوتن لەسەر پۆستەكانی هاوپەیمانیی كوردستان و ئێمە بە حەقی خۆمانی دەزانین كە سەرۆكی ئەو لیستە پارتی بێت، چونكە بە ڕاستی (سەرۆك بارزانی) دەستی زۆر واڵا بووە و مافی ئێمەیشی داوەتە لایەنەكانی دیكە، بە تایبەتی لە پۆستە باڵاكانی بەغدا، بەڵام ئێمە زۆر پۆستمان بەلاوە گرینگ نییە، بەقەد ئەوەی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیمان لا مەبەستە، بۆیەیش پێمان خۆشە سەرۆكایەتیی ئەو لیستە بە دەست پارتی بێت، چونكە هیچ پۆستێكی بەغدامان بەدەست نەماوە، جێگری سەرۆكی پەرلەمان مافی پارتییە، داومانەتە گۆڕان و ئومێد دەكەین ئەمە هەنگاوی یەكڕیزی بێت بۆ سەرجەم لایەنەكان، چونكە (سەرۆك بارزانی) هەمیشە بڕوای وایە كە دەبێت بەرژەوەندیی گەل لە پێش هەموو شتێكەوە بێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت، "بەردەوام سەركردایەتیی سیاسی كورد و لایەنە سیاسیەكانی بەغدا كۆبوونەوەیان ئەنجام داوە، بەڵام ئێستا خۆیان لە بەرەكانی جەنگن و خەریكی دروستكردنەوەی پەیوەندیی نێودەوڵەتین، لەوە دەچێت ئەوە زیاتر سەرۆكی سەرقاڵ كردبێت و جگە لە پێنج حزبە كوردستانییەكەی بەغدا، ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵ كۆتاكان و كەمە نەتەوەكانیش هەیە بۆ ئەوەی لەو هاوپەیمانەتییەدا بەشدار بن".
لەبارەی بودجەی كوردستانیشەوە، (سیروان سیرینی) ئاماژەی دا كە، ئەمڕۆ دۆخی عێراق لە ڕووی ئەمنی و ئابوورییەوە زۆر خراپە، بەڵام ئەوەی كە من پێی گەشبینم عێراق دەوڵەمەندە، چونكە پێشتر ئێمە تەنیا بە ناو لە حكوومەتدا بەشدار بووین، بەڵام ئێستا وەزیرە كوردەكان گەڕاونەتەوە بەغدا و وەزیری دارایییش كوردە، واتە ئاگاداری تەواوی ئەو بودجەیە دەبین لە عێراق هەیە و بە هۆی ئەوەوە دەزانین دۆخی خەزێنە و مالییەی عێراق چۆنە، لە لایەكی دیكەوە ئەگەر ڕێككەوتنی سیاسی هەبێت، ئەوا دۆخی عێراق چاك دەبێت و مافی خۆمانە بودجەی كوردستان وەربگرین، چونكە ئەوەی لە عێراقدا ڕووی دا، كارەساتێكی گەورە بوو و هەموو لایەنەكان تێیدا زەرەرمەند بوون، بۆیە چاوەڕێی ڕێكەوتنی سیاسی دەكرێت".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "نۆ فیرقەی گەورەی عێراق لە ئەنجامی شكستی سوپادا ڕادەستی داعش كراون، چەند شاری گەورە لە ژێردەستی داعشدان و دوو كۆگای گەورەی سەربازی كە گەورەترین كۆگان لە عێراقدا، كەوتوونەتە دەست داعش، بۆیە دوای هەموو ئەمانە دەبێت بەغدا بگاتە ئەو باوەڕەی كە باری سەرشانی كوردستان قورس بووە و ڕووبەڕووی گەورەترین چەكی پێشكەوتوو و دەوڵەتێكی پڕچەك بووەتەوە، بۆیە دەبێت بودجە بنێرێت و دۆخەكەیش ئەوە هەڵناگرێت بەغدا مووچەی كوردستان ببڕێت".




