چەند رۆژی رابرد، پڕكێشەترین ماوەی تەمەنی داعش بووە.. سەركردەكانیان هەڵدێن و دەزانن کۆتاییان نزیكە

هەولێر -KDP.info- هەر ئەوەندەی گومانیان كرد كە كۆتایی داعش نزیكە، ژمارەیەك لە سەركردەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە لە مووسڵ و تكریت ریزەكانیان جێ هێشت، ئەمەیش پاش رێكەوتنێكی نهێنی كە بەشێكیان بەهۆیەوە بڕێك پارەیان پێ درا و بەشێكی دیكەیان گەرەنتییان كرا كە سەلامەتیی گیانیان دەپارێزرێت.
بەپێی ئەو زانیارییە نهێنییە هاوڵگریانەی لە بەرپرسێكی باڵای ئەمنیی عێراقەوە دەست كەوتوون، چەند سەركردەیەكی دەستڕۆییشتووی داعش لەو ناوچانە دیار نەماون كە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی رێكخراوەكەدان، بە تایبەتیش لە مووسڵ و سەڵاحەددین.
زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە، زۆربەی ئەو سەركردانەی دیار نەماون، ئەوانەن كە سەرپەرشتیی گۆڕەپانەكانی شەڕ و ئەو ناوچانە دەكەن كە بە دەست داعشەوەن، بەشی هەرە زۆریشیان لەو كەسانەن كە هەڵگری رەگەزنامەی عێراقین.
سەرچاوەكە ئەوەیش باس دەكات كە، یەكێك لە هەڵاتووەكان ناوی (عەلی حەمدانی)ـیە كە بە نهێنیپارێزی (ئەبوبەكر بەغدادی) ناسراوە، هەروەها سەركردەیەكی دیكەی نەناسراویش هەیە كە بەرپرسی دەستەی پاسەوانی (ئەبوبەكر بەغدادی)ـیە و لە هەموو جموجۆڵەكانیدا لەگەڵیدایە.
ئەو بەرپرسە ئەمنییە كە قسەی بۆ ماڵپەڕی نیقاش کردووە و خۆی داوای كرد ناوی بڵاو نەكرێتەوە، گوتی، "دیارنەمانی ئەو سەركردانەی داعش، پاش ئەوە دێت كە چەند دەستگایەكی هەواڵگریی عەرەبی و بیانی توانیویانە دزە بكەنە ناو ریزەكانی داعشەوە و بڕوا بەو سەركردانە بهێنن كە واز لە رێكخراوەكە بێنن و زانیارییان بدەنێ لەبارەی جموجۆڵەكانەوە، ئەمەیش لە بەرانبەر پێدانی پارە یان بەڵێنی ئەوەی دەستگیر ناكرێن".
بە قسەی (ئەبو زەكەریا حەتاب) كە یەكێكە لە سەركردەكانی گرووپێكی چەكداریی دژەداعش لەناو مووسڵ، هۆكارێكی دیكەی وازهێنانی ئەو سەركردانە ئەوەیە كە، لەلایەن ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە رووبەرووی هەڕەشە بوونەتەوە.
(حەتاب) كە ئێستا لە هەولێر نیشتەجێیە، راگەیاند كە، سەرەڕای ئەوەیش هێشتا هیچ یەكێك لە گرووپە چەكدارەكان ناتوانن رووبەرووی داعش ببنەوە، بۆیە ئێستا چوونەتە پاڵ ئەو هێزە ئەمنییە نوێیەی بۆ دەرپەڕاندنی داعش لە مووسڵ پێك دەهێنرێت.
زۆربەی ئەو سەركردانەی داعش كە لە مووسڵ بڕیاری ئەمنی و خزمەتگوزارییان بەدەستە، عێراقین و لە خودی دانیشتووانی ناوچەكەن، وەك (حەتاب) دەڵێت، ئێستا لەلای خەڵك بێزراون، بۆیە چەند گرووپێكی چەكداری لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرۆكعەشیرەتەكان هەڕەشەیان لێ كردوون و پێیان راگەیاندوون كە دوای دەركردنی داعش دەكوژرێن، بۆیە بەشێكیان لەبەر پاراستنی ژیانی خۆیان وازیان لە داعش هێناوە.
رەنگە چەند رۆژی رابردوو پڕكێشەترین ماوەی تەمەنی داعش بووبێت لەو كاتەوەی لە 10-ی حوزەیرانەوە دەستی بەسەر مووسڵدا گرتووە، چونكە لەم چەند رۆژەدا لە هەموو بەرەكان شكستی گەورەی بردووە، هەر لە كۆبانییەوە هەتا سەڵاحەددین و ئەنبار و باشووری بەغدا، لەو ماوەیەیشدا بەسەدان چەكداری لێ كوژرا.
بەپێی ئاماری هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆی عێراق، لە رۆژی 10 هەتا 20-ی ئەم مانگە، 150 چەكداری داعش لە نەینەوا و رەبیعە و زوممار و، هەروەها 50 چەكدار لە تكریت و 100 لە دیالە و 80-ی دیكەیش لە ئەنبار و ناوچەكانی خوارووی بەغدا كوژراون.
لە سووریایش زانیارییاكان ئاماژە بەوە دەدەن كە، تەنیا لە ماوەی چەند رۆژێكدا داعش 500 چەكداری لە كۆبانی لێ كوژراون، ئەمە جگە لەوەی بە هۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانەكانەوە لە رەققە و دەیرلزۆر دەیانی دیكەی لێ كوژراون.
ئەم شكستە گەورەیە وای كردووە، بەشێك لە سەركردەكانی واز بهێنن، چونكە گەییشتوونەتە ئەو بڕوایەی كۆتایی داعش نزیكە، سەرۆكی رێكخراوەكەیش (ئەبوبەكر بەغدادی)، فەرمانی داوە ئەو كەسانە بكوژرێن كە وازی لێ دەهێنن.
هەندێ زانیارییش باس لەوە دەكەن كە، (ئەبوبەكر بەغدادی) بەشێكی زۆری پارەكەی داعشی لە رێی چەند سەرمایەدارێكی وڵاتانی كەنداوەوە ناردووەتە دەرەوەی عێراق تا لە ئەگەری شكستیدا لە فەوتان بپارێزرێن و لە داهاتوودا بۆ پشتیوانیی رێكخراوەكەی سوودیان لێ ببینێت.
پسپۆڕی ئەمنی (رەشید سامەڕایی)، گوتی، "ئەو سەركردانەی خیانەتیان لە داعش كردووە و هەڵهاتوون، باشترین دەستكەوتن بۆ هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی، چونكە دەتوانرێ سوودیان لێ ببینرێت بۆ ئاشكراكردنی پلانەكانی داعش و شوێن و مۆڵگەكانیان".
داعش كە ساڵی رابردوو لە قاعیدە جیا بووەوە، لە بنەڕەتدا رێكخراوێكی عێراقییە و زۆرینەی سەركردەكانی لە ئەفسەرانی سوپا و دەستگای هەواڵگریی پێشووی عێراقین و بەشداریی چەند خولێكی ئایینییان كردووە بۆ ئەوەی ببنە خاوەن بیرێكی ئایینیی توندڕۆ، بە قسەی (سامەڕایی) هەر ئەمەیش بووەتە هۆی ئەوەی پشت لە رێكخراوەكە بكەن.
(سامەڕایی) روونی دەكاتەوە، "سەركردەكانی داعش كەسانێكن كە ساڵانێكی دوورودرێژە لەسەر شەڕكردن راهاتوون، بەڵام چەند ساڵێكی كەمە بوونەتە خاوەنی بیرێكی ئایینیی توندڕۆ، بۆیە لە رووی ئایینییەوە باوەڕیان لاوازە، بە پێچەوانەی قاعیدەوە كە هەر لە منداڵییەوە كەسانێك بوون لەسەر ئەو بیرە توندڕۆیە راهێنرابوون، ئینجا پاش ئەوە فێری شەڕ كرابوون، بۆیە سەركردەكانی داعش ئاسانتر پشت دەكەنە رێكخراوەكە".
لە بەرانبەر هەڵهاتنی بەشێك لە سەركردەكانیدا، داعش بە فەرمانی (ئەبوبەكر بەغدادی) رۆژی شەممەی رابردوو لەناو مووسڵ مانۆڕێكی سەربازیی گەورەی رێك خست تا هێز و توانای خۆی نیشان بدات، لەو مانۆڕەدا چەكدارانی داعش بەدەیان ئۆتۆمبێلی مەدەنیی نوێ و چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە لە زۆربەی ناوچەكانی مووسڵ سووڕانەوە.
هەر پاش تەواوبوونی مانۆڕە سەربازییەكە داعش دەستی كرد بە ئەنجامدانی هەڵمەتێكی رەشبگیر لە شارەكەدا كە تێیدا چەندین ئەفسەری سوپا و پۆلسی پێشووی عێراق و لەوانەیش كە بەم دواییە تەوبەیان كردووە، دەستگیر كراون و خراونەتە ئەو باڵاخانە حكوومیانەی كە ئێستا داعش وەك گرتووخانە بەكاریان دەهێنێت.
خەڵكی مووسڵ باس لەوە دەكەن كە پاش هەڵهاتنی ئەو سەركردانە، هەریەك لە گوتەبێژی داعش (ئەبومحەممەد عەدنانی) و والیی موو سڵ (ئەبوبەكر خاتوونی) و فەرماندەی رێكخراوەكە لە قەزای تەلەعفەر (ئەبوعەلا عەفری)، لە سووریا گەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی سەرپەرشتیی مووسڵ بكەن و جڵەویان لە دەست دەرنەچێت.
وەك هەوڵێكی دیكە بۆ دەرخستنی هێز و توانای خۆی، داعش هەڵمەتێكی كتوپڕی بۆ ناوچەكانی سەهلی نەینەوا و رەبیعە و بەنداوی مووسڵ ئەنجام دا كە ئێستا لە ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدان، لە دیالەیش بەرەیەكی لە قەرەتەپە كردەوە كە ئەوێیش بە هەمان شێوە بە دەست پێشمەرگەوەیە، ئەمەیش وەك هەوڵێك لێك درایەوە بۆ پەردەپۆشكردنی رووداوی هەڵاتنی سەركردەكانی داعش.




