هێزی رزگاركردنی مووسڵ دەستیان بە مەشق و راهێنان كرد

مووسڵ-kdp.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەڵێت، هێزێكی4350 كەسی لە سەربازگەی دووبەردان دەستیان بە مەشق و راهێنان كردووە بۆ رزگاركردنی مووسڵ و دوای رزگاركردنی مووسڵیش وەكو پۆلیسی ناوخۆ دەستبەكار دەبن. ئاماژەیشی دا كە، بەم زووانە هێزی كوردانی شەبەكیش دەست بە مەشق دەكەن.
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ (غەزوان داوودی)، بە kdp.info-ی راگەیاند، ماوەی دوو رۆژە لە سەربازگەی دووبەردان لە نزیك قەزای بەردەڕەش، دوای وەرگرتنی رەزامەندیی هەرێمی كوردستان، هێزێكی 4350 كەسی دەستی كردووە بە مەشق و راهێنان بۆ رزگاركردنی مووسڵ و بڕیاریشە چەك و تەقەمەنییان لە مووسڵەوە بۆ رەوانە بكرێت.
(داوودی) گوتیشی، ئەو هێزە لە هەموو پێكهاتە و نەتەوەكانی مووسڵ پێك دێت و هەر كاتێك مووسڵیش رزگار كرا، وەكو پۆلیسی ناوخۆ دەستبەكار دەبن.
لەبارەی دروستكردنی هێزێك بۆ كوردانی شەبەك لە ریزەكانی هێزی پێشمەرگە، گوتی، "حكوومەتی هەرێمی كورستان رەزامەندیی لەسەر دامەزراندنی فەوجێك دەربڕیوە كە 600 كەس دەبن، بەڵام ئێمە زیاتر لە هەزار ناومان پێشكەش كردووە، كە هەندێكیان وەكو خۆبەخش شەڕی داعش دەكەن".
دەشڵێت، بڕیارە بەم زووانە ئەو هێزە دەست بە مەشق و راهێنان بكات.
بڵند ئیبراهیم




