٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی فیدڕاڵ: ژمارەی ئاوارەکان لە هێزی حكوومەتی عێراق زیاترە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەڵێ، عێراق كێشەی زۆری هەیە لەگەڵ ئاوەرەكان، چونکە ژمارەكە لە دەرەوەی هێزی حكوومەتی عێراقە، دەشڵێت، هەندێک‌ عێراقی هەن بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست جێگای خۆیان جێ هێشتووە و روویان لە شوێنی دیكەی عێراق كردووە، بۆیە ژمارە و كێشەكان زۆرترن لە دابینكردنی خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزرایی دیكەی وەك سووتەمەنی.

پاش گەییشتنی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بە هەولێر و، کۆبوونەوەی لەگەڵ خ پاریزگاری هەولێر(نەزاد هادی) كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان ساز دا. لەو كۆنگرەیەدا، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی (جاسم محەممەد) ناسراو بە (دكتۆر دەرباز) ڕایگەیاند: "ئێمە وەكو وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراقی و لێژنەی باڵای كۆمەك و قەرەبووكردنەوەی ئاوارەكان ئێستا لە هەرێمی كوردستانین، هاتووین لە نزیكەوە ژووری عەمەلیاتی هەرێمی كوردستان و كەركووك كە بۆ ئاوارەكان دروست كراوە ببینین و ئاوارەكانیش بەسەر بكەینەوە، بەردەوامیش دەبین لە سەردانە مەیدانییەكانمان بۆ ئەوەی وێنەكە ڕوون بێت لای وەزارەتمان و لیژنەی باڵا، هەروەها بە شێوەیەكی مەیدانیش سەردانی خێوەتگاكان دەكەین و سەردانی نووسینگەی دابەشكردنی مینحەكانیش دەكەین."
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕوونی کردەوە: "ئێمە لە عێراق كێشەی زۆرمان هەیە لەگەڵ ئاوەرەكان، بەو ئاڕاستەیەی كە ژمارەكە لە دەرەوەی هێزی حكوومەتی عێراقە، هەندێ‌ عێراقی هەن بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست جێگای خۆیان جێ هێشتووە و روویان لە شوێنی دیكەی عێراق كردووە، بۆیە ژمارە و كێشەكان زۆرترن لە دابینكردنی خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزرایی دیكەی وەك سووتەمەنی، ئێمە ئەمڕۆ لێرەین دیراسەی هەموو ئەمانە بكەین و هەوڵ دەدەین لە رێگەی حكوومەتی عێراقییەوە و هەروەها لە رێگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ڕەوشی ئاوەرەكان باشتر بكەین بە تایبەت کە ئێستا لە سەروبەندی هاتنی وەرزی زستانداین."
وەزیری كۆچ و كۆچبەران ڕایشیگەیاند: "دروستكردنی خێوەتگە كاتی دەوێ‌، ئێمە لە هەوڵداین لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق خێوەتگە و كەرەڤانات بۆ ئاوەرەكان دروست بكەین و هەوڵەكانیشمان چڕ و پڕن، ئەمانە پێویستیان بە كات و پارەی زۆریش هەیە، لە ئێستادا وەزارەت پشت بە خێوەت دەبەستێ‌ و كە كوالێتییان بەرزە، سەبارەت بە مووچەی ئاوارەكانی دانیشتووی هەرێم، ئەوان مووچەكانیان مانگانە پێ دەگات."
(دکتۆر دەرباز)، پێزانینی وەزارەتەکەیشی لە هەوڵ و ڕۆڵە کاریگەرەکەی حکوومەتی هەرێم بە تایبەت و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەن و کەسایەتییەکانیش لە بەهاناوەچوونی ئاوارەکان و دابینکردنی کۆمەک و پێداویستیی ژیان.
دواتر (نەوزاد هادی) پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ڕایگەیاند، زیاتر لە ملیۆنێك و هەشتهەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستانن و تەنیا هەولێر 500 هەزار ئاوارەی لەخۆ گرتووە، پاریزگاری هەولێر زیاتر گوتی: "ئەو ئاوارانەی كە بە هۆی ناخۆشیی دۆخی ئەمنییەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە حاڵەتێكی ئاسان نییە، ئاوەرەكان لە ئەنبار و نەینەوا و سەڵاحەددین و دەوروبەری بەغداوە هاتوون، حكوومەتی هەرێمیش سووتەمەنی و كارەبا و ئاوی خواردنەوەی بۆ دابین کردوون و لە ڕووی پەروەردەییشەوە کۆمەک کراون، بەڵام ئەمانە هەموو پێداویستیێکی ژیانیان پێویستە كە هەوڵ دەدرێ‌ بۆیان دابین بكرێت." (هادی) هاوکات داوای لە حكوومەتی فیدڕاڵ و وەزارەتی كۆچبەران کرد، "پاڵشتی و ئاسانكاری زیاتری ئاوەرەكان بکەن.

كەنعان بەهادین

هەواڵی پەیوەندیدار