پەرلەمانتارێكی كوردی رووسیا، ملیۆنێك دۆلاری بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەخشی.. بۆ بەهاناوەچوونی پەنابەرانە

هەولێر-KDP.info- بە مەبەستی هاریكاریكردنی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و عێراق، ماڵباتێكی كوردی رووسیا بڕی ملیۆنێك و 500 هەزار دۆلاری پێشكەشی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد تا لە رێگەی دەزگاوە هاریكاری و پێداویستی بۆ پەنابەرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات، لە مانگی ئابیشدا 80 تۆن خۆراك و پێداویستیی بۆ پەنابەرانی عێراق و هەرێمی كوردستان دابین كرد.
رۆژی 25/10/2014 لە میانی سەردانێكیدا بۆ بارەگای سەرەكیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە شاری هەولێر، پەرلەمانتاری كورد لە وڵاتی ڕووسیا (زەلیم خان)، لەلایەن سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (عەزیز شێخ رەزا) و جێگری سەرۆكی دەزگا (مووسا ئەحمەد)ـوە پێشوازییەكی گەرمی لێ كرا.
لە دیدارێكی نێوانیاندا باس لە چۆنیەتیی هاریكاریكردنی پەنابەران لە هەرێمی كوردستان كرا و هەوڵەكانی وڵاتی ڕووسیا و ماڵباتی (زەلیم خان) و (ئەمیر خان) بەرزنر خێنران كە بەردەوام كۆمەكەكانیان گەیاندووەتەوە پەنابەران و لە رێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بەسەر پەنابەراندا دابەش دەكرێت. هەر لە دیدارەكەدا لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە خەڵاتی رێزلێنان و سوپاس و پێزانینی دەزگا بەخشرایە ماڵباتی (زەلیم خان) و حكوومەتی رووسیا.
سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (عەزیز شێخ رەزا)، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بە ناوی دەزگاوە زۆر سوپاسی حكوومەتی ڕووسیا دەكەین كە بە شێوەیەكی بەردەوام هاریكاری و پێداویستی بۆ پەنابەران دابین دەكەن و لە رێگەی دەزگاوە بەسەریاندا دابەشی دەكەین". هەروەها لە بەشێكی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا جێگری سەرۆكی دەزگا (مووسا ئەحمەد) گوتی، "خۆشحاڵین كە ئەمڕۆ خەڵاتی رێزلێنان و سوپاس و پێزانینمان بەخشییە تێكۆشەر و هاووڵاتیەكی دڵسۆزی كورد لە ڕووسیاوە كە بەردەوام هاریكارییەكانیان دەهێننە كوردستان".
سەبارەت بە بڕی ئەو هاوكاری و پێداویستیانەی كە رەوانەی هەرێمی كوردستانیان كردووە و دراونەتە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەوەی بەسەر پەنابەراندا دابەشی بكات، (مووسا ئەحمەد) ڕوونی كردەوە، "بەڕێز (زەلیم خان) كە ئەندامی پەرلەمانی رووسیایە، چەندین جار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و كۆمەك و هاریكارییەكانی گەیاندووەتە پەنابەران، هەروەها سوپاسی ماڵباتی (خان) دەكەین كە چەندین جار هاریكاریی گەلی كوردستانیان كردووە و ئەمڕۆیش بڕی یەك ملیۆن دۆلاریان بەخشیوەتە دەزگای خێرخوازیی بارزانی تا لە رێگەی دەزگاوە هاوكاری و پێداویستی بۆ پەنابەران دابین بكرێت، هەروەها پێشتریش ماڵباتی (خان) كۆمەك و هاوكارییان پێشكەشی ئاوارەكانی شنگال و ئێزدییەكان كردووە و بەردەوامیش بوونە لە دابەشكردنی ئەو جۆرە هاوكارییانە. جگە لەوەیش بڕی 500 هەزار دۆلار كۆمەك و هاوكاری و پێداویستییان رەوانەی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ بەهاناوەچوونی زیاتری پەنابەران لە وەرزی زستاندا".
هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، (مووسا ئەحمەد) ئاماژەی بە هاریكارییەكانی حكومەتی ڕووسیا دا كە پێشكەشی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كردووەو رایگەیاند، "بەڕێز (زەلیم خان) كە بە نوێنەرایەتیی وڵاتی ڕووسیا سەردانی كوردستانی كردووە، جگە لە دابینكردنی ئەو بڕە پارەیە، هاوكات 40 تۆن خۆراك و خێمە و پێداویستیی دیكەی بۆ پەنابەران دابین كردووە، هەروەها 40 تۆن خۆراك و پێداویستیی رەوانەی بەغدا كردووە، ئەمە سێیەمین جارە هاریكارییەكانیان دەگەیەننە كوردستان".
سەبارەت بە پشتگیریی وڵاتی ڕووسیا لە رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، پەرلەمانتاری رووسیا (زەلیم خان) رایگەیاند، "حكوومەتی ڕووسیا لە سەرەتاكانی هێرشەكانی داعش بۆ سەر عێراق و هەرێمی كوردستان، هاریكاریی حكوومەتی عێراقی كردووە لە ناردنی فڕۆكەی جەنگی و بەردەوامیش دەبێ لە شەڕی دژ بە داعش". لەبارەی بەردەوامیی هاوكارییەكانیان بۆ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، (خان) گوتی، تاوەكو لە ژیاندا بمێنن ماڵباتەكەیان بەردەوام دەبن لە گەیاندنی كۆمەك و هاریكاریی پەنابەران و دەزگای خێرخوازیی بارزانی.
سەبارەت بە چۆنیەتیی دابەشكردنی ئەو كۆمەكانەی لە رێگەی وڵاتانەوە دەدرێتە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەوەی بەسەر پەنابەراندا دابەشی بكەن، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی (مووسا ئەحمەد) گوتی، "جگە لە هاوكارییەكانی وڵاتی ڕووسیا، بەشێك لە هاوكارییەكانی وڵاتانی ئەڵمانیا، پۆڵەندا، ئیتاڵیا و كەنەدامان وەرگرتووە و بە ئەمانەتەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ لەگەڵ نوێنەرانی ئەو وڵاتانە لە رێگەی تیمەكانی دەزگاوە لە كەمپەكان دابەش كراون".

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
