مەترسییەکە بۆ خانەقینە.. گومان هەیە، داعش 25 ئافرەتی بۆ کردەی خۆکوژی ساز دابن

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی 15ـی پارتی لە خانەقین دەڵێت، لە دوێنێوە 25ئافرەتی چەکدار لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە جەلەولا بیندراون و گومان دەکرێت بۆ کردەوەی خۆکوژی ئامادە کرابن، چونکە داعش چەکداری ئافرەتی لەگەڵدا نین.
بەرپرسی لقی 15ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) بە KDP.INFOـی زیاتر گوتی: "داعش خۆی ڕقی لە ئافرەتە و رێگا نادات وەک چەکدار لەگەڵیاندا بن، بۆیە رەنگە بۆ کردەوەی خۆکوژی ئامادەیان کردبێتن"، ئەو بەرپرسە ڕوونی کردەوە، "سبەی یادەکانی عاشورا لە خانەقین بەڕیوە دەچن و نزیکەی 40 رۆژ بەردەوام دەبێت، ئەمەیش جێی مەترسییە."
(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) گوتیشی، بڕیارە لە بەیانییەوە کە یەکی موحڕڕەمە و یادەکانی عاشورا دەست پێ دەکات، لە خانەقینیش ژمارەیەکی زۆری شیعە ھەن و لە نزیکەی 35شوێن ئەو یادە دەکرێتەوە و ھەر یەکەیان بڕێکی پارەیان پێ دەدرێت، بۆیە ڕەنگە ئەمساڵ لە شوێنی زیاتر ئەو یادانە بکرێنەوە."
ئاماژەیشی دا، "نوێنەری خۆمان ناردووە بۆ لای قایمقام، کە ئەمساڵ لەبەر تەقینەوە لە زۆر شوێن ئەو یادانە نەکرێنەوە، بەڵام قایمقام باسی لەوە کردووە کە لەلایەن بەغداوە ئاگادار کراوەنەتەوە کە 100% ئەم ساڵ تەقینەوە روو دەدات، بۆیە رەنگە ئەو 25 ئافرەتە بۆ خۆتەقاندنەوە ئامادە کرابن، چونکە ئافرەت ئاسانترە بۆ ئەوەی بگاتە ئەو شوێنانە و کردەی خۆکوژی ئەنجام بدات."
بڵند ئیبراھیم




