پەرلەمانتارێک: ئەفسەری هەواڵگری و چەکداری میلیشیاکان کوردان دەڕفێنن.. لێکۆڵینەوە دەکەین

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تەواوی ئەو ئەفسەرانە بانگھێشت دەکەن کە لە دۆسێی رفاندنی ھاووڵاتیانی کورد کەمتەرخەمن، ئەو کە پەرلەمانتارەی کە لەسەر پارتییە ئاشکرایشی کرد، "ئەوانەی ئەو کارە دەکەن، چەکدارانی ملیشیاکان و ئەفسەری ھەواڵگری و سەربازیشیان تێدایە و سەر بە حکوومەتی عێراقی فیدراڵن."
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە kdp.infoی راگەیاند: "ماوەیەکە ھاووڵاتیانی کورد لە رێگەی بەغدا دەرفێندرێن و، منیش لە 18-ی ئەم مانگەوە رەزامەندیی لیژنەی ئاساییش و بەرگریم وەرگرتووە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەو دۆسێیە بکرێت و، تەواوی ئەو ئەفسەرانە لە بازگەکان ئەو کارە دەکەن بانگھێشت دەکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت، دواتریش لە رێگەی کۆنگەرەیەکی رۆژنامەوانی و لە رێگەی پەرلەمانەوە ناوی ئەو کەسانەی لەو دۆسێیە کەمتەرخەمن رادەگەیەنین."
(شاخەوان عەبدوڵڵا) گوتیشی، "ھەفتەی داھاتوو لە پەرلەمان ئەو پرسە وەکو تاوان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رادەگەیەنم و دەیدەمە سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش، بۆ ئەوەی بخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمانەوە."
ئەو ئەندامە کە سەر بە لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستانە، زیاتر گوتی، "ژمارەی ئەو کەسانەی کە رفێندراون زیاتر لە 20کەسن، لە ناو ئەواندا بازرگان، قوتابیی زانکۆ، رائیدێک، شوفێر و ھاووڵاتی سڤیلیان تێدایە."
ئەوەشی خستەڕوو، "دواکەس کە رفێندراوە و دوێنێ ئازاد کرا، ناوی (عیماد تاھیر)-ە کە بە بڕی 15ھەزار دۆلار ئازاد کراوە و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە کە، لە فڕۆکەخانەی موسەننا لەلایەن حکوومەتەوە دەستگیر کراوە و دواتری بە پارە ئازاد کراوە."
(شاخەوان عەبدوڵڵا) ئاشکرایشی کرد: "ئەوانەی ئەو کارە دەکەن کۆمەڵێک ئەفسەر و چەکدارانی ملیشیاکانن کە ئەفسەری ھەواڵگری و سەربازیشیان تێدایە و پۆستەکانی خۆیان بۆ ئەو کارە بە کار دەھێنن و سەر بە حکوومەتی عێراقی فیدراڵن."
بڵند ئیبراھیم




