٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

مارك سیڤرز: ئەو هەڵانەی مالیكی كردنی، پێویستە بۆ عەبادی وانە بن... چارەكردنی كێشەكان لەگەڵ كورد یەكجار گرینگە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  دوو سیاسەتمەداری ئەمەریكایی لە دوو توێژینەوەی جیاوازدا نووسیویانە: پێویستە سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق (حەیدەر عەبادی) كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بكات و سوود لە هەڵەكانی (مالیكی) وەربگرێت و، وانەی لێ فێر بێت و كە بە ڕێچكەی ئەودا نەڕوات، هاوكات بۆچوونیان وایە كە رۆڵی كورد بۆ عێراق یەكجار گرینگە.

شكستی (مالیكی)
ساڵی 2010، ئەمەریكا بەشداری راستەوخۆی لە پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكەفراوانی عێراق كرد، دواجار لە مانگی 12ـی 2010-دا، كابینەكەی (مالیكی) بە بەشداریی پێكهاتەی سیاسیی كورد، سوننە و شیعە پێك هات، بەڵام زۆری نەخایاند سەرۆكوەزیرانی ئەوكات (نووری مالیكی)، فەشەلی سیاسی بە كابینەكەی هێناو پشتی لەو رێككەوتننامەیە كرد كە لە بابەت بودجە و نەوت و پێشمەرگە، لەگەڵ كوردی واژۆ كردبوو. سیاسەتمەداری ئەمەریكایی (مارك سیڤرز) كە كار بۆ پەیمانگای واشنتن دەكات و لە مەلەفی سیاسیی عێراق شارەزایە، لە نوێترین توێژینەوەیدا كە پەیمانگای واشنتن، بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت "ئەمەریكا سەرەتا گەشبین بوو كە (مالیكی) دەتوانێت كابینەكەی بە بەشداریی سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق پێك دەهێنێت و سەركەوتوو دەبێت، بەڵام (مالیكی) ئەمەی نەكرد، لەسەر پۆستە حکوومییەکانی پێکهاتەی سوننەكان، گرژی كەوتە نێوان (نووری مالیكی) و (ئەیاد عەللاوی). دواتر (مالیكی) پاشگەز بووەوە لەو بەڵێنانەی كە لە هەولێر لەگەڵ كورد و سوننە واژۆی كردبوون، لە بابەت ماددەی 140 و نەوت، بودجە و پێشمەرگە، بارگرژیی سیاسی دروست كرد".


لە توێژینەوەكەی (مارك)ـدا هاتووە، (مالیكی) دەستی كرد بە كودەتا دژی سوننەكان و یەكەم هەنگاو دژی (تاریق هاشمی) كە ئەوكات جێگری سەرۆككۆماری عێراق بوو، وەستایەوە و بە تۆمەتی تیرۆر لە عێراق وەدەری نا، هەروەها تیرۆر لە سەردەمی ئەودا گەشەی كرد و مووسڵ لەلایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیرا و ئەنبار پڕ بوو لە جموجۆڵی داعش، شەڕی تائیفی و بڕینی بودجەی هەرێم و تێكچوونی رەوشی سیاسیی عێراق، لە بواری سیاسی، ئەمنی و ئابووری، سەری هەڵدا.
(مارك سیڤرز)، ناوی دەرفەتی دووەم بۆ (عەبادی) دەهێنێت ئەگەر نیازی چارەسەركردنی كێشەكانی هەبێت، ئەوا دەتوانێ بە هاوكاریی كورد، ئەو كارە بكات و دەنووسێت، "لە ئێستادا (حەیدەر عەبادی) كە، سەرۆكوەزیرانی عێراقە و بە رەزامەندیی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی عێراق كورد، سوننە و شیعە دانراوە، دەرفەتی دووەمی لە بەردەمە، تا كێشەكانی چارە بكات و بە رێچكەی (مالیكی)-دا نەڕوات، بەتایبەت خاڵێكی جەوهەری هەیە كە بایەخی تەواوی پێ بدات، ئەمیش چارەكردنی كێشەی نێوان هەولێر و بەغدایە لە بابەت نەوت و كێشەكانی سەرۆكوەزیرانی پێشوو، كە بەڵێنەكانی جێبەجێ نەكرد.

ئەو خاڵانەی عەبادی لە (مالیكی) جیا دەكاتەوە !
سیاسەتمەداری ئەمەریكایی (مایكل نایتس)، لە نوێترین توێژینەوەیدا بۆ پەیمانگای واشنتن، دەربارەی عێراق، باسی ئەو خاڵانە دەكات كە حكوومەتی عێراق، پێویستە جێبەجێیان بكات کە ئەمانەن:
یەكەم: پێدانی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراق، بەتایبەت رەوانەكردنی 1/12 بودجە، وەك دەسپێك بۆ نیەتی چارەكردنی كێشەكان.
دووەم: پاڵپشتیی دەوڵەتی عێراق بۆ پێشمەرگە، لە بودجە و چەك و هەموو ئەو ئیمتیازاتەی كە بۆ سوپای عێراق دابین دەكرێت، بە هەمان شێوە بۆ پێشمەرگەیش دابین بكرێت.
سێیەم: چارەكردنی كێشەی نەوت بەتایبەت، ئەو بەڵێنەی سەرۆكوەزیرانی عێراق (عەبادی) داویەتی كە، تا شەش مانگی دی، كێشەی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا، چارە دەكات.
چوارەم: جێبەجێكردنی ماددەی 140، لە ناوچە كێشەلەسەرەكان (ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم).
ئەم خاڵانە، ئەگەرچی لە كاتی پێكهێنانی كابینەی نوێی عێراقدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی نێوان شاندی كوردی و شیعە بوو، كە ئێستا (عەبادی) سەرۆكوەزیرانیەتی، بەڵام لای (مایكل نایتس)، جێگەی بایەخە، بۆ چارەی كێشەی نێوان بەغدا و هەولێر.

ئاژانسەکان- شاو کوردی

هەواڵی پەیوەندیدار