باندێکی تیرۆریستی لە خانەقین دەستگیر کران.. لە ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی بەرپرسن

خانەقین-KDP.info- سەرچاوەیەک لە ئاساییشی خانەقین رایگەیاند، هێزەکانیان باندێکی تیرۆریستییان دەستگیر کردووە کە لە سێ هاووڵاتیی عەرەبی ئاوارەی شارۆچکەی سەعدییە پێک هاتوون و لە ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی لە سنووری قەزای خانەقین بەرپرس بوون.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ببرێت لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ kdp.info گوتی، "هێزەکانمان سێ تیرۆریستیان دەستگیر کردوون کە بە رەگەز عەرەبن و ئاوارەی شارۆچکەی سەعدییەن، ئەم سێ کەسە لە ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا بەرپرس بوون، دوایینیان تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێک بوو لە شەقامی پزیشکان لە ناوەراستی خانەقین کە بووە هۆی شەهیدبوونی هاووڵاتییەک و برینداربوونی چەند هاووڵاتییەکی دیکە".
ئەو سەرچاوەیە زیاتر روونی کردەوە، ئەو باندە تیرۆریستییە پیلانیان بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریستیی گەورە لە شاری خانەقین لە ماوەی رۆژانی جەژنی قورباندا دانابوو، بەڵام هێزەکانی ئاساییش بەو پیلانەیان زانیوە و دەستبەجێ تیرۆریستانیان دەستگیر کردوون.
ئاماژەیشی دا کە، دووان لەو تیرۆریستانە دانیشتووی شارۆچکەی کوڵەجۆی سەر بە قەزای کەلارن و سێیەمینیشیان دانیشتووی خانەقینە.
بێریڤان گەردى




