چاوشئۆغلو: توركیا رێگە دهدات پێشمەرگە بچێته كۆبانی

ئانکارا-KDP.info- وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغڵو ئاشكرای كرد كه ھەماھەنگی لە نێوان توركیا و ھەرێمی كوردستاندا ھەیە بۆ رێگادان بۆ چوونی ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بۆ كۆبانی.
(چاوشئۆغڵو) ههروهها ئاماژهی دا كه، "بۆ پشتگیریكردن لە كۆبانی، ھاوكاریی ھێزەكانی پیشمەرگە دەكەین بۆ چوونیان بۆ ئهو شارە و بۆ ئەو مەبەستەیش گفتوگۆكانمان بەردەوامن."
وەزیری دەرەوەی توركیا دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توونس و شاندەكەی، كۆنگرەیەكی ھاوبەشی رۆژنامهوانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی توونس (مونجی حەمدی) ساز كرد.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وەزیری دەرەوەی توركیا سەبارەت بە ناردنی ھاوكاری سەبازی ئەمەریكا بۆ كۆبانی، رایگەیاند، توركیا دەرگای بۆ خهڵكی كۆبانی كردووەتەوە و لە ئامێزی گرتوون.
(چاوشئۆغڵو) ئاماژەی بە بوونی 200 ھەزار كهس له خەڵكی كۆبانی لە توركیا كرد و گوتی: "ھیچ كاتێك ئارەزووی ئەوەمان نەكردووە كە كۆبانی بكەوێت و ناشمانەوێت بكەوێت. بۆ مانەوەی كۆبانی، توركیا ھەموو ھەوڵێكی خۆی وەگەڕخستووە و ھاوكاریی زۆری مرۆیی و تەندروستی كردوون. ھەموو یاساكانی ھاوپەیمانیمان جێبەجێ كرد ھەماھەنگییەكی تەواو لە نێوان ئێمە و ھاوپەیماناندا ھەیە."
وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەیشی دا كە، توركیا دەیەوێت ناوچەكە بە تەواوی لە ھەڕەشەکان دوور بخاتهوه، بۆیە ھاوكارییە سەربازی و تەندروستییەكانی ئەمەریكا بۆ كۆبانی لەو چوارچێوەیەدایه.
لە روونکردنەوەکەیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا (چاوشۆغڵو) گوتیشی: "لەگەڵ پەیەدە شەش بۆ حەوت گرووپی دیکە ھەن، ئەوان پێکەوە یەکینەیەکی سەربازییان پێک ھێناوە، لەگەڵ ھەرێمی کوردستانی عێراق لە ھەماھەنگیداین بۆ ھاوکاریكردنی کۆبانی، ئێمەش ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگە دەکەین بۆ چوونە ناوەوەیان بۆ کۆبانی، لەو رووەوە ھەماھەنگی بەردەواممان دەبێت."
(چاوشۆغڵو) لە گوتەکانیدا ئاماژەی بە خواستی گەڕانەوەی پەنابەرانی کۆبانی بۆ ناوچەکانی خۆیان کرد کە بەناچاری پەنایان بۆ تورکیا ھێناوە و گوتی: "بە دڵنیاییەوە لێرەدا ھەندێ خاڵ ھەیە کە پێویستە لهبهرچاوی بگرین. ئامانجی پەیەدە جیاوازە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا و دەیەوێت ناوچەیەک کۆنتڕۆڵ بکات وەک داعش، پێمان وایە ئەو بیرکردنەوە و ئامانجانە، ھەڕەشە بێ بۆ سەر داھاتووی سووریا، ئەگەر پەیەدە بەردەوام بێت لەسەر ئەو ھەڵوێستەی، ئەوا پشتیوانی تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی سووریایش وەرناگرێ، لێرەدا پێویستە پەیەدە و لایەنەکانی دیکە سیاسەتی خۆیان بگۆڕن و لەو ھەڵوێستانەیان بکشێنەوە."
(چاوشۆغڵو) ھەروەھا گوتی: "لە لایەکی دیەکە ھەمیشە جەخت لەوه دهكهینهوه كه کێشەی راستەقینە لەبارەی گۆڕانکارییەکانی سووریا له بیر نهكرێت، لە ھەموو کاتێکدا دووپاتمان کردووەتەوە کە کێشەی راستەقینەی سووریا (بەشار ئەسەد)-ە، ھەروەھا نابێ لە بیری بکەین کە لە بەرامبەر داعش و (ئەسەد) تەنیا لایەنێک رووبەروویان دەبێتەوە، ئەویش ئۆپۆزسیۆنی سووریایە، لەو رووەوە لەگەڵ ھاوپەیمانانمان ھاوراین لەسەر ھاوکاریکردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە شێوەیەکی گشتی."
لە ئانادۆڵەوە




