٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەردۆغان: بێ چوار مەرجەکانمان شەڕی داعش ناکەین

سەرچاوە: KDP.info

ئانکارا-KDP.info-  سەرۆککۆماری تورکیا(ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) ڕایگەیاند، وڵاتەکەی چوار داواکاری خستوونەتە بەردەم هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتییەوە کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی دەکات، دەشڵێت، بێ بەدیهاتنیان تورکیا ناچێتە نێو هاوپەیمانەتییەکەوە و لە شەڕی دژی داعش و هیچ پرۆسەیەکی دی بەشدار نابێت.
(ئەردۆغان) ڕوونی کردەوە، "تورکیا، دەربارەی دۆخی سووریا چوار داواکاری لە هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتی هەن، کە ئەمەریکا ڕابەرایەتی و دەکات و دژ بە داعش پێک هێنراوە، کە ئەمانەن: ڕاگەیاندنی ناوچەیەکی دژەفڕین، پێکهێنانی ناوچەیەکی ئارام، پڕچەککردنی سووریاییەکان و مەشق پێ کردنیان، بەرپاکردنی هەڵمەتی سەربازی بۆ سەر ڕژێمی سووریا.. بێ هاتنەدی ئەم داواکاریانەیش ناتوانین لە هیچ پرۆسەیەکدا بەشدار ببین."
وەک ئەوەی ئانادۆڵو بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆککۆماری تورکیا ڕوونی کردووەتەوە، "ئەو ناوچە ئارامەی پێشنیازمان کردووە، پرۆسەیەکی داگیرکاری نییە، بەڵکە ناوچەیەکی ئارامە کە لە ڕێیەوە ئەو سووریاییانەی بە هۆی ڕووداوەکانەوە ئاوارە بوون، دەتوانن بگەڕێنەوە سەر خاک و نێو وڵاتەکەیان."
دەربارەی بنکەی ئەنجەرلیکیش دەڵێ، "هێشتا ڕوون نییە لەبارەی ئەنجەرلیکەوە چ داوایەکیان لە ئێمە هەیە، هەر کات زانیمان ئەوا لەگەڵ یەکە ئەمنییەکانماندا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین و لەسەر بنەمای گفتوگۆکانیشمان بڕیار دەدەین کە داخۆ چ گونجاوە بۆ ئێمە، ئەگینا ڕازی نابین."

زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار