دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەوت و پێداویستیی زستانەی بەسەر پەنابەرانی كەمپی بەحركەدا دابەش كرد

هەولێر-KDP.info- ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپی بەحركە، لە میانی هەڵمەتەكانی لە وەرزی زستاندا، نەوت و پێداویستیی زستانەی بەسەر پەنابەرانی كەمپەكەدا دابەش كرد. هاوكات لە گوڵان ستی لە هەڵمەتێكدا كەلوپەلی خورادەمەنیی بەسەر 1500 خێزانی پەنابەردا دابەش كرد، لە كەمپی قوشتەپەیش خواردنی خێرا بەسەر پەنابەرانی كۆبانیدا دابەش دەكرێت.
رۆژی 19/10/2014 لە درێژەی كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپی بەحركە كە زیاتر لە 725 پەنابەری شنگالی تێیدا نیشتەجێ كراون، لە سەرەتای وەرزی زستان، هەستان بە دابەشكردنی 20 لتر نەوت بەسەر سەرجەم خێزانەكانی كەمپەكەدا، هەروەها مریشكی برژاو و سەموونیان بەسەر 760 خێزانی پەنابەردا دابەش كرد.
لەلایەكی دیكەوە و بە مەبەستی خۆپاراستنیان لەسەرمای زستان، تیمی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەستی كرد بە دابەشكردنی دۆشەك و بالیف و پێڵاو بەسەر 675 خێزانی كەمپەكەدا، كە بۆ هەر خێزانێك 2 دۆشەك و 2 بالیف و 4 جوت پێڵاویان پێ درا.
هاوكات ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپی قوشتەپە، پاش گەییشتنی ژمارەیەكی زۆر لە خێزانە پەنابەرەكانی شاری كۆبانی، بەردەوامن لە دابەشكردنی خواردنی خێرا بەسەر 400 كەسی پەنابەردا.
هەر لە درێژەی چالاكییەكانی دەزگادا بۆ كۆمەككردنی پەنابەرانی دەوروبەری شاری هەولێر، تیمەكانی دەزگا هەستان بە دابەشكردنی جلوبەرگ و دیاریی منداڵان بەسەر 50 خێزانی شەبەكدا.
هاوكات لە گوڵان ستی لە شاری هەولێر، دەست كرا بە دابەشكردنی كارتۆن ئەرزاق بەسەر 1500 خێزانی پەنابەردا، كە لە دەوروبەری شاری هەولێر نیشتەجێ بوونە.

_(2)__2024_05_14_h16m6s41__ER.jpg)

__2024_01_03_h15m1s20__ER.jpg)
