وەزیرەكان گەڕانەوە سەر كار.. ناردنی مینحەیەك لەلایەن بەغداوە، گفتوگۆ دەكرێت

هەولێر-KDP.info- ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باس لە ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق دەكەن، ئەوەیش دەخەنە ڕوو كە بە چوونی (نێچیرڤان بارزانی) بۆ بەغدا، كۆمەڵێك گرفت چارە دەبن.
لەبارەی گەڕانەوەی وەزیرە كوردەكان و ئەگەری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (زانا ڕۆستایی)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "لە دوێنێوە وەزیرە كوردەكان لە وەزارەتەكانی خۆیاندا دەستبەكار بوون و بەشداریی هەموو كۆبوونەوەكان دەكەن، هەموو ڕۆژانی سێشممەیش ئەنجوومەنی وەزیران كۆبوونەوەی هەیە، بڕیار وابوو یەكێك لەو سێشەممانە مەسەلەی بودجەی تێدا تاوتوو بكرێت، بۆیە دوا خرا تا وەزیرە كوردەكانیش بەشداری بكەن و ئەوانیش قسەی خۆیان هەبێت، لە كاتێكدا ستافی كوردی زۆر لە كێشەی بوجە ئاگادارە و پێشنیازی هەرێمی لەو بارەیەوە پێیە".
گوتیشی، "پەسەندكردنی بودجەی 2014 تەنیا دوو مانگی ماوە و تا ئێستایش هیچ نەكراوە، بۆیە دەبێت قەرەبووی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە، بۆ بودجەی 2015ـیش دەبێت بە یەكسانی پەسەند بكرێت، كە هیچ ماددەیەكی سزایی بۆ هەرێمی كوردستان تێدا نەبێت".
(رۆستایی) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، بەپێی زانیارییەكان، لە هەفتەی دووەمی دوای پێكهێنانی حكوومەتدا دەبوو شاندی هەرێم و بەغدا دەستیان بە كۆبوونەوە لەسەر ئەو بابەتە كردبایە، بەڵام بە هۆی دواكەوتنی وەزیرە كوردەكانەوە ئەم بابەتە دوا خراوە، بەڵام ئەم كۆبوونەوەیە بڕیارە دەست پێ بكاتەوە و ڕێككەوتن بۆ ناردنەدەرەوەی نەوت بكرێت.
دەشڵێت، "حكوومەتی عێراق مەرجی ئەوەیە نەوتی كوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە ڕەوانەی دەرەوە بكرێت، هەرێمی كوردستانیش لاریی لەو ئەو بابەتە نییە، بەڵام مافی كوردستان بپارێزرێت". لەبارەی ناردنی بەشەبودجەی كوردستانیشەوە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران گوتی، "لەگەڵ گوتووێژ لە بارەی نەوتەوە، گفتوگۆی ناردنی مینحەیەك لەلایەن بەغداوە دەكرێت".
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (سیروان سیرینی)، بۆ KDP.info ئاماژەی دا، "دوای سوێندخواردنی وەزیرەكان، هەموویان دەگەڕێنەوە سەر كاری خۆیان و بە دڵنیاییەوە دەستبەكاربوونی وەزیرەكان نیشانەی نییەتپاكیی هەرێمە بەرانبەر بە حكوومەتی بەغدا و، لەوێ جێگری سەرۆكوەزیران (د. ڕۆژ نووری شاوێس) و وەزیری دارایی (هۆشیار زێباری)، ڕۆڵی باشیان دەبێت لە وەدەستهێنانی مافەكانی كورد لە بەغدا". گوتیشی، "هەموو ئەو شتانەمان لەگەڵ (عەبادی)ـدا باس كرد و ئەو دەڵێت كە، شتەكان بەیەكەوەن، دەڵێت مووچە نانێرم تا هەموو كێشەكان چارە نەبن. ئەو چاوەڕێیە ڕێككەوتنی سیاسی بكرێت و ئێمە بەڵێنمان دا پشگیریی (عەبادی) بكەین بۆ سەركەوتنی ئەم حكوومەتە، بۆیە هەڵوێستی خۆمان نواند و ئەویش دەبێت ڕێز لەو هەڵوێستە بگرێت".
كارزان هەورامی




