ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراق: پێویستە ئاوارەكانی كوردستان زیاتر هاوكاری بكرێن

بەغدا-تایبەت بە kdp.info- دوای تەواوبوونی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، وەزیرانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەیاننامەیەكیان تایبەت بە رەوشی ئاوارەكان خوێندەوە و ڕایانگەیاند، پێویستە ئاوارەكانی كوردستان زیاتر هاوكاری بكرێن.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی فڕاكسیۆنە كودییەكان (نەجیبە نەجیب)، بە PDK.INFO-ی ڕاگەیاند، "ئەمڕۆ دوای ئەوەی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە كۆتا هات، خۆم بەیاننامەیەكم ئامادە كردبوو بە یەكەوە ئێمەی ئەندامانی كورد خوێندمانەوە كە تێیدا داوامان لە حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە هاوكاریی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان بكەن لەو ژمارە زۆرەی كە ئێستا لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە شوێنیان بۆ دابین كراوە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، "لەبەر ئەوەی ژمارەی ئاوارەكانی هەرێمی كوردستان یەكجار زۆرە و لە ئێستادا وەرزی سەرما و سۆڵەیە، ئاوارەكان پێویستیان بە هاوكاریی زۆرترە، بۆیە بە پێویستمان زانی ئێمەی ئەندامانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەو داواكارییە لە حكوومەتی عێراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكەین كە كارێكی مرۆڤانەیە".
نەشوان بەرزنجی




