کۆنە ئەفسەرانی سەددام، بۆ بەکارهێنانی فڕۆکە ڕاهێنان بە تیرۆریستانی داعش دەکەن

هەولێر-KDP.info- ڕوانگای مافەکانی مرۆڤ لە سووریا دەڵێ، فڕۆکەوانە عێراقییەکانی نێو ڕیزەکانی داعش لە سووریا، مەشق بە هاوەڵانیان لە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن لەسەر ئەو سێ فڕۆکە شەڕکەرانەی کە دەستیان بەسەردا گرتوون.
(ڕامی عەبدوڕەحمان) ئەمڕۆ هەینی، لە زاری شایەتحاڵانەوە ڕایگەیاند، داعش ئەو فڕۆکانە بە کار دەهێنێت کە لە فڕگەی سەربازیی جەڕڕاح کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری حەلەبی سووریا دەستی بەسەردا گرتبوون.
ئەو بەرپرسەی ڕوانگای سووریا لە زاری شایەتحاڵانەوە، هەروەها دەڵێ، ئێستا داعش ئەو ڕاهێنەرانەی هەن کە ئەفسەری فڕۆکەوانیی عێراقی بوون لە سوپاکەی (سەددام حوسێن). دەشڵێت، شایەتحاڵ هەن کە چەند جارێک ئەو فڕۆکانەیان بینیوون کە فڕیوون و لەو فڕگەیە نیشتوونەتەوە.
بەڵام ڕونی نەکردووەتەوە کە داخۆ ئەو فڕۆکانە مووشەکیان هەڵگرتوون یان نا، هەروەها هێشتا نەزانراوە کە فڕۆکەکان توانای فڕینیان بۆ ماوەیەکی درێژ هەیە یاخوود نا.
بە گوتەی ئەو شایەتحاڵانە، فڕۆکەکان لە جۆری مێگ 21 و مێگ 23-ن و لە سوپای سووریاوە دەستیان کەوتوون.
هەندێ سەرچاوەی سەربە دەوڵەتی ئیسلامییش، لە پێگەی تویتەرەوە وێنەی ئەو فڕۆکانەیان بڵاو کردوونەتەوە کە لە شوێنە جیاکانی سووریا دەستیان بەسەردا گیراوە، بەڵام وەک لێکۆڵەر و دیپلۆماتان دەڵێن، ئەو فڕۆکانە بۆ بە کار هێنان ناشێن.
دەوروبەری حەلەب یەکێک لە پێگە سەرەکییەکانی ڕیکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشە.
ڕۆیتەرز-زریان زیاد




