جەنگی داعش دە ساڵی دەوێ.. هێزی دەرەکیمان ناوێ و بەغدایش ناکەوێ

هەولێر-KDP.info- ڕاوێژکاری پێشووی ئاساییشی نیشتیمانیی عێراق(موەفەق ڕوبەیعی)، سەرباری ئەوەی کە گوتی بەغدا بە تەواوی پارێزراوە، دەشڵێ، جەنگی دژ بە داعش ڕەنگە دە ساڵ بخایەنێ. ددانیشی نا بەوەی کە، (نووری مالیکی) کاتێ ئەفسەرە باڵاکانی لادان و شیعە شوێنکەوتووەکانی لە جێیان دانا، هەروەها کە پەیکەری سەربازیی گۆڕی، هەڵەی کرد.
(ڕوبەیعی) کە لە ئێستادا پەرلەمانتارە، بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، "ئاسان نییە بە هۆی ئەو هێزە بەرگرییەی دەوری بەغداوە کە باش دەیبینم، داعش بتوانێ لە دەوروبەری بەری ڕۆژئاوای پایتەختەوە بێتە نێوەوە، چاوەڕوانی ئەوەیش ناکرێ ئەو هێزە بەرگرییە ببەزێنن. فڕگە دەکەوێتە بەری ڕۆژئاوای پایتەختەوە، بەڵام پێم وایە کە لە مەترسییەکان پاراستوومانە."
ئەو بێگومانیشە لەوەی کە، بەغدا شارێکی پارێزراوە و دانیشتوانەکەیشی کە زیاتر لە هەشت ملیۆنە، ئامادەن لەپێناویدا خۆیان بە کوشت بدەن.
ئەو ڕاوێژکارەی پێشووی ئاساییشی نیشتیمانی، دەربارەی ئەو خەمڵاندنەی ئەمەریکا لەوەی جەنگی دەژ بە داعش سێ ساڵ دەخایەنێ، گوتی، "نەخێر، پێم وا نییە سێ ساڵ بەس بێ بۆ تێکشکاندنی داعش لە سووریا و عێراق، باوەڕم وایە کە جەنگێکی درێژ دەبێ و دەبێ خۆمان بۆ بەرەوڕووبوونەوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژییەکانی داهاتوویش ئامادە بکەین، کە ئەمە هاوتا بێ لەگەڵ بەرەنگاربوونەوە ئەمنییەکان."
(ڕوبەیعی) کە وەک خۆی دەڵێ لە ساڵی 2009-وە، خزمەتکردنی لە دامەزاروە حکوومییەکانی گەڵ(مالیکی) کۆتایی هاتووە، ددان دەنێ بەوەدا کە سەرۆکوەزیرانی پێشوو، لە ماوەی حوکمڕانەتیدا هەڵەی کردوون بە تایبەت دەست پێ لەکارکێشانەوەی گەورەئەفسەرانی سوپا و دواتر کەسانی شیعە و سەربەخۆی لە جێگەکانیان دانا، ئەمە سەلماندی کە شەڕیان پێ ناکڕێ.
زیاتر گوتی، "کێشەگەلێک لە پەیکەری سەربازیی سوپای عێراقدا هاتوونەتە ئاراوە کە، ئەمەریکایش لەوەدا ڕۆڵی هەبووە کاتێک هاوکاری کردووین لە بنیاتنانەوەیدا. گوتیشی، "گەندەڵی ناڕێکخراوەیی و بێباوەڕی لە شەڕدا، کێشەی دیکەی وەک ڕۆڵی حیزب و سیاسەت لە نێو سوپادا هۆکاری دیکەن، بۆیە پێویستمان بە مەشقکردنە لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژەکانمان، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە تایبەت."
زریان زیاد




