پڕۆژەیاسایەکی ئاکەپە، دەستەڵاتی زیاتر دەدات بە پۆلیس.. بەرهەڵستکاران دەڵێن، تورکیا دەبێتە دەوڵەتی پۆلیسی

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، حکوومەتی تورکیا پڕۆژەیاسایەکی داوەتە پەرلەمانی وڵاتەکەی، تا لە ڕێیەوە دەستەڵاتی زیاتر بدرێت بە پۆلیس، ئەمەیش پاش کوژرانی دەیان کەس دێت لە چوارچێوەی ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی کوردانی باکووری کوردستان، بە هۆی سیاسەتی تورکیا بەرانبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان.
پارتیی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕان، پڕۆژەیاسایەکی داوە بە پەرلەمان کە لە ڕێیەوە دەستەڵاتی زایاتر دەدات بە پۆلیس بۆ "بەرەوڕووبوونەوەی توندوتیژی" هەروەها دەستەڵاتی زیاتری دەداتێ لە بەکاربردنی پێداویستیی ڕێکاری نوێ، بەرانبەر بە هەر ئەگەرێک.
لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی کوردانی باکووری کوردستان، کە لە ئاکامی سیاسەتی حکوومەتی تورکیا بوو بەرانبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان و کۆبانی بە تایبەت، 34 کەس کوژران و لانی کەم 360 کەس بریندار بوون، لە نێوایاندا پۆلیسیش هەن.
هاوکات زیاتر لە هەزار کەس بە هۆی بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکاندا گیراون، گوایە زیانیان بە ماڵی گشتیی گەیاندووە.
پڕۆژەیاساکە هاوکات سزاکانی زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی لە لایەن هەر کەسێکەوە توندتر دەکات و پۆلیس دەشتوانێ، دەموچاوی خۆی دابپۆشی تا نەناسرێنەوە، ئەمە بەپێی زانیاریی مێدیاکانی تورکیا.
لە بەرانبەر بە ئەو پڕۆژەیاسایەدا، قەوارە بەرهەڵستکارەکانی نێو پەرلەمان، نیگەران بوون و پێیان وایە، تورکیا بەم پڕۆژەیاسایە دەبێتە دەوڵەتی پۆلیسی.
(ئیدریس بالوکن) لە پارتیی گەکی دیموکرات دەڵێ، "ئەمە وەک بەنزین کردنە بە ئاگردا.. لە کاتێکدا کە پۆلیس ژمارەیەکی زۆر منداڵ لەسەر سەقامەکان دەکوژێ."
زیاتر گوتی، "لە ئێستا بەدواوە، پۆلیس نەک هەر قەڵغان بەکار دەبات، بەڵکە بە هۆی ڕێپێدانەوە چەکیش هەڵ دەگرێ."
شیاوی باسە ئەم پڕۆژەیاسایەی قەوارەی پارتیی فەرمانڕان، ناڕەزایەتیی بەرفراوانی لە لایەن کۆمەڵەی مافەاکنی مرۆڤیش لە نێوخۆی تورکیادا بەدوای خۆیدا هێنا.
فڕانس پرێس - زریان زیاد




