ڕۆیتەرز: یەکەم گورزی پاش پرۆسەی ئاشتی لە پەکەکە وەشێندرا

ئیستانبوول-KDP.info- ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە پێگەی حورییەتەوە گوێزتوویەتییەوە کە، ئەمڕۆ سێشەممە، لەوەتەی پرۆسەی ئاشتیی چارەی پرسی کورد لە تورکیا هاتووەتە بەر باس، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەو وڵاتە، لە ناوچەی هەکاری یەکەم گورزیان لە پێگەیەکی پەکەکە وەشاند.
پێگەکە دەڵێ، ئەو گورزە ئاسمانیانەی کە لە ناوچەی هەکاریی باکووری کوردستان لە پێگەکانی پەکەکە دراون زیانی زۆری پێ گەیاندوون. بەپێی پێگەی حورییەت، ئەم گورزوەشاندنەی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا، پاش ئەوە دێ کە ماوەی سێ ڕۆژ بنکەیەکی سەربازیی ئەو وڵاتە بۆردوومان کراوە، کە لە نزیک سنووری عێراقە.
بەڵام سوپای تورکیا هێشتا لە بارەی ئەم بۆردوومان و گورزە ئاسمانیانەی تورکیا بە فەرمی زانیاری بڵاو نەکردووەتەوە.




