هەدەپە: ئەو قسانەی باس لە كۆتایی قۆناغی چارەی پرسی كورد دەكەن، لە راستییەوە دوورن

ئانكارا-kdp.info- جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا دەڵێت، حكوومەتی توركیا رەشنووسی نەخشەڕێگەی قۆناخی چارەی پرسی كوردی داوەتە دەستی هەدەپە.
جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا (ئیدریس بالووكەن) رایگەیاند، ئەمڕۆ حكوومەتی توركیا رەشنووسی نەخشەڕێگەی قۆناخی چارەی پرسی كوردی رادەستی بەرپرسانی پارتیی دیموكراتیكی گەلان "هەدەپە" كردووە.
(بالووكەن) لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا گوتی، ئەوەی حكوومەت رادەستی هەدەپەی كردووە، تەنیا رەشنووسە و تێیدا ئاماژە بە چەند خاڵی سەرەكی دراوە و وردەكاریی زیاتر نییە، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكدا وردەكارییەكان بڵاو بكرێنەوە.
ئەو وەها جەختیش دەكاتەوە كە، ئەو قسانەی باس لە كۆتاییهاتن بە قۆناخی چارەی پرسی كورد دەكەن، لە راستییەوە دوورن و قۆناخی چارەسەری بەردەوامە و حكوومەت و لایەنی كوردیش لەسەر بەئەنجامگەیاندنی ئەو قۆناخە مكوڕن.
هیوا ئەردەلان




