بەغدا گەمارۆ دراوە.. ئەستەمە سوپای عێراق تا مانگێكی دیكە بەرگری بكات

بەغدا -KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، داعش لە بەغدا نزیك بوونەتەوە و گەمارۆ دراوە، ئەستەمیشە ئەو سوپایەی ئێستا تا مانگێكی دیكە بتوانێ بەرگری بكات.
ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق (شاخەوان عەبدوڵڵا)، بە kdp.info-ی گوت، "پێش جەژنی قوربان بەرپرسانی باڵای روممادیمان لەبارەی پێشڕەوییەكانی داعش بۆ سەر بەغدا بانگ كرد، ئەوان كۆمەڵێك كێشە و كەموكوڕییان هەیە كە بۆیان چارە نەكراون، یەك لەوانە ئەوەیە كە چەكیان هەیە بێ تەقەمەنی.
(شاخەوان) ڕوونیشی كردەوە، تاوەكو هێزێكی سوننە دروست نەكرێت و خۆیان ناوچەكانی خۆیان رزگار نەكەن، شیعە ناتوانن ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵ بكەن، هێرشەكانی داعشیش بۆ سەر بەغدا لە بەشی رۆژئاوای بەغدایە كە لە ناوچەی ئەبوغرێب دەست پێ دەكات تا دەگاتە روممادی، جگە لەوەیش رۆژانە فەوجێكی سوپای عێراق كۆنتڕۆڵ دەكرێت و كێشەی بەغدایش لەوێوە دەست پێ دەكات".
ئەو پەرلەمانتارە كە لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستانە، زیاتر گوتی، هەوڵ دەدرێت بەغدا لەلایەن داعشەوە كۆنتڕۆڵ بكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا نەگەییشتوونەتە بەغدا، سەرەڕای ئەوەیش نزیكن و گەمارۆ دراوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، زەحمەتە بەم زووانە داعش بتوانێ بەغدا كۆنتڕۆڵ بكات، چونكە بەغدا تەنها موڵكی عێراق نییە كە خەڵكی دیكەیشی لێیە و پێشتر پارێزگارییان لێ كردووە، كە یەك لەوانە ئەمەریكایە و هەرچەندە لە ئێستادا بێدەنگە و خەڵك وا لێكی دەداتەوە كە زۆر گرینگیی پێ نادات، لێ رەنگە مەترسییەكەیش نەگەییشتبێتە ئەو ئاستە.
(شاخەوان) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "ئێستا سوپای عێراق نەماوە و میلیشیای شیعە لە گۆڕەپانەكەیە، ئەمەیش بەرپرسە باڵاكان ددانیان پێدا داناوە و پێش جەژنیش بە ئێمەیان راگەیاند كە تەنیا شیعەیە و هیچ كەسی دیكەی تێدا نییە، ئەو هێزەی كە لە بەغدایش بۆیان دەچێت، چەك و تەقەمەنی وەردەگرن و دەكشێنەوە، نایشیانەوێت كوڕی خۆیان بەكوشت بدەن، بۆیە تاوەكو نەبێتە سوپایەكی تەواو، من پێی ناڵێم سوپا و یەكلایەنەیە".
ئەو هەروەها راشیگەیاند، ئەو سوپایەی كە هەیە، ئەگەر ئێستایش بتوانێ بەرگری لە بەغدا بكات، تا مانگێكی دیكە ناتوانێ بەرگری بكات، لەبەر ئەوەی پشتگیری بۆ داعش زیاترە لەوەی كە بۆ سوپای عێراق هەیە، چونكە ئەگەر پشتگیرییشی بكرێت، لە وەزارەتەكاندا گەندەڵییەكی زۆری كردووە، كە لە 12 هەزار كەس لە فیرقەیەكی سوپای عێراق لە ئەنبار، تەنیا هەزار كەسی لێ ماوە و مووچە وئیمتیازاتیشیان بۆ خەرج دەكرێت، بۆیە گەندەڵی بەشێكە لەوەی رێگە نەدات ئەو سوپایە خۆی رابگرێت و هاوكارییان وەك پێویست پێ بگات، ئەوانەی دیكەیش هەڵاتوون و هەندێكیش هەر دەوامیان نەكردووە، بۆیە لە ئێستادا ئامادە نین دەوام بكەن كە شەڕە و ژمارەیەكیشیان بە پارە پلەكانیان كڕیوە تەنیا بۆ ئیمتیازات".
ئەمەیش لە كاتێكدایە، بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، داعش لە بەغدا نزیك بووەتەوە و لە ئێستادا گەمارۆ دراوە.
بڵند ئیبراهیم




