کوژرانی دەیان کەس لە زنجیرە تەقینەوەیەکدا لە بەغدا و دەوروبەری

بەغدا-KDP.info- لە زنجیرە تەقینەوەیەکدا لانی کەم دەیان کەس کوژراون، کە ناوچە شیعەنشینەکانیان لە بەغدا و دەوروبەریان کردبووە ئامانج، ئەمە لە کاتێکدایە کە، حکوومەتی عێراق لە بەرگریکردن لە پایتەخت دژ بە تیرۆریستان لە هەوڵدان، کە بەر لە چوار مانگ، دەستیان بەسەر چەند شارێکی گەورەی باکووری وڵاتدا گرتووە.
وەک هەمیشە، چەکدارانی داعش کە دەستیان بەسەر باکووری عێراقدا گرتووە، ناوچە شیعەنشینەکان لە بەغدا دەکەنە ئامانج و لە ڕێی ناوچە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەری بەغداوە نزیکتر ببنەوە و هێزە ئەمنییەکانی حکوومەت و میلیشیا شیعەکانیش هەوڵ دەدەن بەرەنگاریان ببنەوە.
سەرچاوەکانی پۆلیس و نەخۆشخانەکان دەڵین، لە سێ تەقینەوەدا لە ڕۆژئاوای بەغدا، کە لە ڕێی ئۆتۆمبێلی مینڕێژکراوەوە و ئەم ئێوارەیە لە ناوچە شیعەنشینەکان ئەنجام دراون، لانی کەم 34 کەس کوژراون.
هەروەها لە باکووری بەغدا، خۆکوژێک کە پشتێنێکی مینڕێژکراوی بەستبوو، لە بازاڕێکی باکووری بەغدا، خۆی تەقاندووەتەوە و 11کەس کوژراون و 27-یش بریندار بوون.
لە گەڕەکی شوعلەیش، دوو تەقینەوە ئەنجام دراون و نێوانیان 30خولەک بووە، لەوەی یەکەمیاندا کە لە ڕێی ئۆتۆمێلەوە بووە لەبەردەم ساردەمەنیێک، 8 کەس کوژراون و 18-یش بریندار بوون، لە تەقینەوەی دووەمیشدا کە لە هەمان شەقام بووە، کەسێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە خۆی تەقاندووەتەوە و 15 کەسی کوشتووە و 44-یش بریندار بوون.
لە بازاڕێکی دیکەی باکووری بەغدا کە 28کم لێیەوە دوورە، کەسێک خۆی تەقاندووەتەوە و بە هۆیەوە 11 کوژراون و 21-یش بریندار بوون. ئەو ناوچەیە دەکەوێتە نێوان تارمییە و موشاهەدە، کە ئەم ماوەیە ئەو ناوچەیە پێکدادانی توندی لە نێوان ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی و هێزەکانی عێراقی بەخۆوە بینیوە.
لە ڕووداوێکی دیکەدا، لە شارۆچکەی عزێم کە 90 کم لە بەغداوە دوورە، بە فیشەکی چەکدارانی میلیشیاکان، 4سەربازی هێزەکانی عێراق کوژران.
زریان زیاد




