٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەنبار لە ئاستانەی کەوتنە.. مەترسی دەکەوێتە سەر بەغدا

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info-  لە کاتێکدا کە چاوی دنیا لەسەر شاری کۆبانییە، بە هۆی ئەو هێرشەی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بە مەبەستی داگیرکردنی، سەرچاوەگەلێک باس لە ئەگەری شکستی تەواوی پارێزگای ئەنبار لەسەر دەستی داعش دەکەن، ئەمەیش بە واتای شکستی گەورەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە کە واشنتۆن ڕابەرایەتی دەکات.
ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمەریکایی بڵاوی کردووەتەوە، پارێزگای ئەنبار لە ئاستانەی شکستی تەواودایە لەسەر دەستی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش. وەک ڕۆژنامەکە بڵاوی کردووەتەوە، چەکدارانی ڕێکخراوەکە دەستی باڵایان لەو شەڕە بەردەوامەدا هەیە کە چەند ڕۆژێکە لەو پارێزگا عێراقییەدا لەئارادایە.
بەپیی لێکدانەوەکانی ڕۆژنامەکە، ئەگەر بێت و ڕێکخراوی داعش دەست بەسەر ئەو پارێزگایە ستراتیژییەدا بگرێت، ئەوا ئەمە دەبێتە دۆڕانێکی گەورەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە ئەمەریکا رابەریەتی دەژ بە داعش، لە بەرانبەردا ئەو ڕێگە پشتیوانییەی لە سووریا بەهێز دەکات، کە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆبانی شەڕی سەختی بەرپا کردووە. هاوکات شکستی ئەنبار بە واتای هاندانی زیاتری سەربازیی ڕێکخراوەکە و پێشڕەوی بە ئاراستەی بەغدای پایتەخت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، شەڕی یەکلاکەرەوەیش، بە شێوەیەک کە چاوەڕوانی ناکرێ و کتوپڕ، لە دەوروبەری ئەو شارەدا(بەغدا) بەرپا دەبێ.
ڕۆژنامەی سیاسەی کوێتییش لە ژمارەی ئەمڕۆ هەینییدا لەسەر زاری ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، واشنتۆن هۆشداری داوە لە بەردەوامیی پاشەکشەی سوپای عێراق لە شەڕی پیادەی بەرانبەر بە داعش، کە دەبێتە هۆی شکستی تەواوی پارێزگای ئەنبار، ئەمەیش بە واتای دەستبەسەرداگرتنی تیرۆریستانە بەسەر، ئەو تانک و زریپۆش و چەکە قورسانەی کە لە مووسڵیش کەوتە دەستیان.
ڕۆژنامەکە هاوکات دەڵێ، هێزی فریاکەوتنی خێرای ئەمەریکا(مارێنز) کە 2300سەربازن و، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە کوێت بڵاوەیان پێ کراوە، ئامادەن بەم نزیکانە بچنە خاکی عێراقەوە، تا بەر بە کەوتنی پارێزگای ئەنبار بگرن، لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، کە بەم دواییە لەسەر حیسابی سوپای عێراق، سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەست هێناون.

سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی عێراقی بە هەمان ڕۆژنامەی گوتووە، ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەمەریکایی، لە بنکەی سەربازیی حەببانییە و عەینلئەسەدی پارێزگای ئەنبارن، بۆ ئامادەسازیی هاتنی ئەو هێزەی مارێنزی ئەمەریکا کە لە کوێتن، چونکە دۆخی ناوچەکە لە ئەوپەڕی مەترسیدایە، چونکە ژمارەی چەکدارنی  ڕێکخراوی دەولەتی ئیسلامی لەو پاریزگایە بە زیاتر لە 40هەزار دەخەمڵێندرێ. 

زریان زیاد 

هەواڵی پەیوەندیدار