جەهەپە داوا لە سوپای توركیا دەكات كۆبانێ بپارێزێت

ئانکارا-KDP.info- سەرۆكی گشتیی پارتیی گەلی كۆماری (كەمال قڵێجدارئۆغڵو) لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا داوای لە حكوومەتی وڵاتەکەی كرد تا بەپەلە مۆڵەتنامەیەكی دیكە بۆ ناردنی هێزی سەربازی بۆ كۆبانی پێشكەشی پەرلەمان بكات.
(قڵێجدارئۆغڵو) ئاماژەی دا كە، پێویستە بەپەلە سوپای توركیا بكەوێتە كۆبانی و تیرۆریستانی داعشی لێ دوور بخاتەوە و دوای دوورخستنەوەی تیرۆریستانیش پێویستە بەپەلە سوپای توركیا بگەڕێتەوە بۆ نێو سنوورەكانی توركیا.
(قڵێجدارئۆغڵو) جەختی كردەوە، كە دانیشتوانی كۆبانی هەر وەك هاووڵاتیانی توركیان و زۆربەی زۆریان خزم و كەسوكاریان هاووڵاتی توركیان، بۆیە توركیا پێویستە پەلە بكات لە ناردنی سوپا بۆ رزگاركردنی كۆبانی و دوورخستنەوەی تیرۆریستانی داعش تێیدا.
گوتیشی ئەركی سوپای توركیا تەنیا دەبێت رزگاركردنی كۆبانی بێت و دوای دوورخستنەوەی تیرۆریستانی داعش دەبێت سوپا بگەڕێتەوە بۆ نێو سنوورەكانی توركیا.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە ئەگەر سوپای توركیا ئۆپەراسیۆنێكی بەو جۆرە ئەنجام بدات، ئەوا هاوپەیمانیی كورد و تورك بۆ ماوەی 100 ساڵی دیكە بەهێزتر دەبێت و كوردانی سووریایش دەبنە لایەنگر و پشتیوانی توركیا.
هیوا ئەردەلان




