ئەمەریکا: گورزەکانمان کۆبانی ڕزگار ناکەن

واشنتۆن-KDP.info- هەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا(جۆن کێری) و گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا(جۆن کێربی)، وێڕای نیگەرانییان بۆ دۆخی کۆبانی، ئەمڕۆ چوارشەممە رایانگەیاند، ئەو گورزوەشاندنانەی هاوپەیمانان دژ بە داعش لە دەوروبەری کۆبانی، ئەو شارە ڕزگار ناکات.
(جۆن کێری) دەڵێ، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، زۆر نیگەرانە بەو ڕووداوانەی کۆبانی، بەڵام ستراتیژیەتی واشنتۆن، لە بنەڕەتدا جەخت دەکاتە سەر ئەوەی کە، ناوەندی هێز و کۆنترۆڵی داعش دەکاتە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەروەها دەڵێ، ڕێکخەری ئۆپەراسیۆنی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لیوا(جۆن ئالان)، سبەی پێنجشەممە دەچێتە تورکیا و دۆخی ڕووداوەکانی کۆبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا دەخەنە بەر باس.
دەربارەی دیاریکردنی ناوچەیەکی پارێزراویش لە سنووری ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەت کۆبانی، (کێری) گوتی، ئەوە بابەتێکە لیی دەکۆڵنەوە.
لای خۆیەوە، گوتەبێژی پێنتاگۆن زیاتر گوتی، "ئەوەی لە توانادا بێ بۆ بەرگرتن لە پێشڕەویی داعش بۆ سەر کۆبانی، بەڵام گورزە ئاسمانییەکان بە تەنیا بەس نین بۆ وەستاندنیان."
هەروەها دەڵی، داعش لە هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاکی زیاتر لە عێراق و سووریا بەردەوام دبێ، ئاماژەیشی دا، ستراتیژیەتی ئەمەریکا بۆ لیدانی توانستەکانی داعش و مۆڵگە سەرەکییەکانی و دامەزراوەکانیەتی.




