داعش، ژنەپەرلەمانتارەکەی پێشووی تەلەعفەری گولـلەباران کرد

مووسڵ-KDP.info- سەرچاوەیەکی ئاگادار لە قەزای تەلەعفەر ڕایگەیاند، پاش ونبوونی زیاتر لە مانگێک، دەرکەوت کە، تیرۆریستانی داعش پەرلەمانتارێکی پێشووی تەلەعفەریان گولـلەباران کردووە و تەرمەکەیشیان رادەستی کەسوکارەکەی نەکردووەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە قەزای تەلەعفەر بۆ جەختی کردەوە، پەرلەمانتاری پێشووی پاریزگای نەینەوا(ئیمان محەممەد یوونس)، پاش زیاتر لە مانگێک لە ڕفاندنی لە ماڵەکەی خۆی لە تەلەعفەر، دەرکەوتووە کە داعش کوشتوویەتی و تەرمەکەیشی خستووەتە بیرێکەوە کە دەکەوێتە باکووری شارۆچکەکەوە بە ناوی (عەلو عەنتەر)."
سەرچاوەکە زیاتر گوتی، پاش ئاشکرابوونی کوشتنی ئەو ژنەپەرلەمانتارە، کەسوکارەکەی داوای تەرمەکەیان کردووەتەوە، بەڵام تیرۆریستانی داعش ڕەتیان کردووەتەوە تەرمەکەیان ڕادەست بکەنەوە و خستوویانەتە بیری (عەلو عەنتەر)-ەوە، هاوکات ئاشکرا بووە کە، زۆربەی کوژراوانی دەستی داعش لە ناوچەکە خراونەتە هەمان بیرەوە.
لە مێژووی شارۆچکەی تەلەعفەردا، (ئیمان محەممەد یوونس) یەکەم پەرلەمانتار بووە کە لە ساڵی 2004-دا لەسەر ئاستی پاریزگای نەینەوا بووە پەرلەمانتاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و یەکەم ئافرەتیش بووە کە سەرۆکایەتیی ڕیکخراوێکی مەدەنیی مرۆیی دەکرد لە شارۆچکەکەی، پێشتریش کاری ڕۆژنامەوانی کردووە.
سەلام ساڵح – زریان زیاد




