لە ناوچەی سەوز زەنگی هۆشداری لێ درا.. چەند مووشەکێکی پێوە نراون

بەغدا-KDP.info- تۆڕی ڕاگەیاندنی سی ئێن ئێن ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، زەنگی هۆشداری لە ناوچەی سەوزی بەغدا لێ دراوە و داوا کراوە، کەس لە باڵاخانەکانیان نەچنە دەرەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لەگەڵ لێدانی زەنگی هۆشداری لە ناوچەی سەوز، داوایش کراوە خەڵکی لە نێو باڵاخانە و ماڵەکانیاندا بمێننەوە و نەچنە دەرەوە، ئەم هۆشدارییەیش پاش ئەوە دێت کە چەند مووشەکێک بە نێوەڕاستی ئەو ناوچەیەوە نراون.
ناوچەی سەوزی بەغدا، بە یەکێک لە ئارامترین ناوچەی بەغدا ناو دەبرێ و پاسەوانیێکی توندی لێ دەکرێ، کە بارەگای حکوومەتی عێراق و باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی بیانی تێدا هەن.
شیاوی باسە هێشتا زانیاری نییە کە سەرچاوەی مووشەکەکان کوێن و ڕێکارە ئەمییەکانی هێزەکانی حکوومەتی بەغدا چین.
زریان زیاد




