٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

تایمزی بەریتانیایی: تورکیا بارمتەکانی بە 180 ئەندامی داعش گۆڕیوەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

لەندەن-KDP.info-  ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانیایی ئاشکرای کرد کە، ئازادکردنی بارمتەکانی کۆنسووڵخانەی تورکیا لە مووسڵ، لە بەرانبەر بە ئازادکردنی 180 ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامییەوە بووە، کە ژمارەیەکیان ئەورووپایین.
ڕۆژنامە بەریتانیاییەکە دەڵێ، لیستێکی لایە کە ناوی جیهادییە ئازادکراوەکانی تێدایە، لە نێویاندا سێ فەڕەنسایی، دوو بەریتانیایی، دوو سوێدی، دوو مەکەدۆنیایی، سویسڕاییێک و بەلژیکاییێک هەن.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی "بی بی سی"-ی بەریتانیاییش، کە لە زاری سەرچاوەکانی حکوومەتی بەریتانیاوە گوێزتوویەتییەوە، زانیارییەکانی ئەو سەفقەیەی تورکیا و داعش، بڕواپێکراوە. 
تایمز ناوی ئەو دوو بەریتانیاییەیشی ئاشکرا کردوون کە بەپێی سەفقەکە ئازاد کراون ئەوانیش: (شەهباز سەلمان)-ی 19 ساڵ و (هیشام فۆکارد)-ی 26 ساڵانن، بەڵام ڕۆژنامەکە ئاشکرای نەکردووە، ئەو دوو بەریتانیاییە چۆن کەوتوونەتە دەست هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە.
تایمز هاوکات لە زاری گوتەبێژ بە ناوی ئەو گرووپەی سەفقەکەیان ساز داوە، دەڵێ، (ئەبوبەکر عێراقی)-ی ئەندامی دیاری ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامییش هەر لەو سەفقەیەدا ئازاد کراوە، کە لە مانگی یەنایر-کانوونی دووەم لە سووریا کوژرا.
ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی شاری مووسڵ، ژمارەیەک کارمەند و دیپلۆماتی تورکیایی لە کۆنسووڵخانەکەیان لەو پارێزگایە بە بارمتە گرتن.
سەرۆککۆماری تورکیا (ڕەجەب تەییب ئەردۆغان)، پاش ئازادکردنی بارمتەکان ڕایگەیاند، ئازادکردنی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی لەبەرانبەر بە ئازادکردنی ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامییە.

زریان زیاد
 

هەواڵی پەیوەندیدار