لە کۆبانی و شەدادی، گورزە سەربازییەکانی هاوپەیمانان 35 داعشی کوشتوون

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- لە هەڵمەتەکانی هاوپەیمانان کە دوێنێ هەینی بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە دەوروبەری کۆبانی و ناوچەی شەدادی بەرپایان کرد، 35 تیرۆریست کوژران.
بەرپرسی ڕوانگای مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، (ڕامی عەبدوڕەحمان)، بە فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، 30چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لە ناوچەی شەدادی و دەوروبەری پاریزگای حەسەکە بە هۆی بۆردوومانی هاوپەیمانانەوە کوژراون، هاوکات 5-ی تر لە نزیک کۆبانی کراونەتە ئامانج کاتێک ویستوویانە بچنە نێو شارەکەوە و هەروەها بەرەوڕووی بەرپەرچدانەوەی توندی هێزەکانی یەپەگە بوونەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش هەڵمەتێکی دیکەیان بۆ داگیرکردنی کۆبانی بەرپا کردووە و شەڕی سەخت لە نێوان شەڕڤانانی یەپەگە و تیرۆریستاندا لە بەری ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژئاوای شارەکەیە.
ڕوانگای مافەکانی مرۆڤ لە سووریا، هەروەها دەڵێ، هەڵمەتی هاوپەیمانان کە لە ڕێی فڕۆکە شەڕکەرەکانیانەوە بەرپا کراون، چەندان تانک و تۆپی داعشیان کردوونەتە ئامانج و تێکیان شکاندوون، کە لە ڕییانەوە بۆردوومانی نێو کۆبانییان پێ دەکردن. سەرباری ئەوەی کە تەنیا چەندسەد مەترێک لێیەوە دوورن، ئەم بۆردوومانە بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانن بچنە نێو کۆبانیوە.
(مستەفا عەبدی)-ی چالاکوانیش بە ئاژانسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە، هەڵمەتەکانی هاوپەیمانان، زیاتر بۆ سەر بەرەی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی کۆبانی بووە.
شەڕی سەخت لە نێوان هێرشکارانی داعش و بەرگریکارانی یەپەگە لە کۆبانی درێژەی هەیە و بەپێی زانیارییەکانی فڕانس پرێس، دوێنێ هەینی 10 شەڕڤان لە بەرەکانی شەڕدا شەهید بوون.
زریان زیاد




