تۆمەتی پشتیوانیکردنی تیرۆریستانی دابووە پاڵ تورکیا.. ئەردۆغان داوا لە بایدن دەکات داوای لێبوردن بکات

هەولێر-KDP.info- سەرۆککۆماری تورکیا(ڕەجەب تەییب ئەردۆغان)، داوا لە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا(جۆو بایدن) دەکات، بە هۆی ئەو تۆمەتانەی داویەتییە پاڵ ئانکارا، کە هاوتای سعوودیە و ئیمارات بە پشتیوانیکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی سووریا و چەکدارکردنیان ناوی بردبوون، داوای لێبووردن بکات.
لەو لێدوانە ڕۆژنامەوانییەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لە ئیستانبووڵ، (ئەردۆغان) بە توندی لێدوانی جێگری سەرۆکی ئەمەریکای سەرکۆنە کرد، کە تێیدا ئانکارای بە پشتیوانیکار و چەکدارکردنی تیرۆریستان لە سووریا تۆمتبار کردبوو.
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێ، "چەکدارانی بیانی بە چەکەوە لە ڕێی تورکیاوە نەچوونەتە سووریا"، داوایشی لە (بایدن) کرد، پۆزش بۆ وڵاتەکەی بهێنێتەوە.
(جۆو بایدن) پێشتر چەند وڵاتێکی هاوپەیمانی خۆی کە لە نێویاندا تورکیا هەیە بە دانی پارە و چەک بە گرووپە تیرۆریستییەکانی سووریا تۆمەتبار کرد.
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، پێنجشەممەی ڕابردوو لە زانکۆی هارڤارد، دەربارەی سیاسەتی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست قسەی کرد، ئەو گوتی "کێشەی گەورەمان هاوپەیمانانمان بوون لە انوچەکە. تورکیا گەورەدۆستی ئێمەیە، سعوودیە و ئیماراتیش هەروا. بەڵام تاکە خەیاڵیان ڕووخانی ڕژێمی (ئەسەد) بوو، لەبەر ئەوە، شەڕی بە وەکالەتیان لە نێوان شیعە و سوننەدا بەرپا کرد، دەیان ملیۆن دۆلار و دەیانهەزار تۆن چەکیان دا بە ئەوانەی لە ڕووی (ئەسەد) بجەنگێت."
(بایدن) گوتوشیەتی، "ئەردۆغان ددانی بە هەڵەی خۆیدا ناوە لەم بارەیەوە."
فرانس 24/ زریان زیاد




