داوودئۆغڵو: نامانەوێ کۆبانی بکەوێتە دەست داعشەوە

ئانکارا-KDP.info- سەرۆکوەزیرانی تورکیا (ئەحمەد داوودئۆغڵو) دەڵێ: "بۆ کۆبانێ چی پێویست بکا درێخی ناکەین، چونکە نامانەوێ کۆبانی بکەوێتە دەستی داعش."
مێدیاکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، سەرۆکوەزیرانی تورکیا (ئەحمەد داوودئۆغڵو): "بۆ داواکاری ئەوەی کە داوا دەکرێ ھاوکاریی کۆبانی بکەین، پێویستە مۆڵەتنامەیەک، ئامرازێک یان دەرفەتێکی یاسایی لەبەر دەستماندا ھەبێ، تورکیا بە دەرکردنی ئەو ڕێپێدانەی پەرلەمان ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی دەرفەت و چوارچێوەی یاساییە، رۆژی رابردوویش ئەمانەم بە دەمیرتاش گوت."
لەبەرەی ئەوەیشەوە کە ئەگەر کۆبانی بکەوێتە دەستی داعش چیی روو دەدا؟ (داوودئۆغڵو) گوتی: "ئێمە وەک تورکیا نامانەوێ کۆبانی بکەوێتە دەستی داعش و، چیی پێویست بکا و ئەوەی لە دەستمان بێ درێخی ناکەین."
سەرۆکوەزیرانی تورکیا هاوکات گوتی: "بۆ ئێمە ھیچ جیاوازی لەناو خەڵکی کۆبانی و حەسەکەدا نییە، ھەموویان برای ئێمەن، پێویستییان بە چ جۆرە ھاوکارییەک بێ پێشکەشیان دەکەین."
لە وەڵامی ئەوەیشدا کە ئایا سوپای تورکیا بۆ ئەوەی کۆبانی نەکەوێتە دەست داعشەوە، ئۆپەڕاسیۆنی سەربازیی لە دەرەوەی سنوور ئەنجام دەدا؟ (داوودئۆغڵو) دەڵێ: "چەند کەس و لایەنێک لە باشووری رۆژھەڵات دەڵێن بۆ بەرگری لە کۆبانی ناکەن؟ ئەگەر ھات و سوپای تورکیا چووە کۆبانیوە، ئایا ئەگەر تورکمانەکانی بایر بوجاق و ھایکێرسەکانی بەرامبەر یایلاداغ بڵێن بۆ ئێمەش رزگار ناکەن، دەبێ بچینە ئەو ناوچانەش؟ ئایە کاتێک ھاووڵاتییە عەرەبەکانی ئیدلیب لە بەرامبەر رەیحانلی بڵێن بۆ ئیمەش رزگار ناکەن، بچین بکەوینە ئیدلیبەوە؟."




