پەرلەمانی تورکیا ڕازی بوو، هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و سووریا کردەی سەربازی ئەنجام بدەن

ئانکارا-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەرلەمانی تورکیا بە پێشنیازی حکوومەتی وڵاتەکەی ڕازی بوو، کردەی سەربازی لە دەرەوەی سنووری خۆی و لە سووریا و عێراقدا، دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش ئەنجام بدات.
هەر بەپێی پێشنیازە ڕێپێدراوەکە، کە دەنگی سێ لە چواری پەرلەمانتارانی بەدەست هێناوە، ڕی دەدرێ، سەربازانی بیانی لە تورکیا بڵاو ببنەوە و بۆ هەمان مەبەست بنکەی سەربازی دابمەزرێنن.
پێشتر ئانکارا بۆ بەشداریکردن لەو هاوپەیمانەتییە نێودەوڵەتییە کەوتبووە گوشارێکی زۆر، ئەمەیش پاش پێشڕەویی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریادا، تا گەییشتنە نزیک سنووری تورکیا.
بەڵام سەرۆککۆماری تورکیا(ڕەجەب تەییب ئەردۆغان) باوەڕی وایە کە، وەشاندنی گورزی ئاسمانی لە داعش، بە تەنیا بەس نین و مەترسیی داعش کەم ناکاتەوە، هاوکات داوای کرد کە سەرۆکی سووریا لە کار لابدرێ، ئەمەیش ئەو ئامانجەیە کە هاوپەیمانەتییە سەربازییەکەی ئەمەریکا سەرۆکایەتیی دەکات، لەگەڵیدا کۆک نین.
هاوکات تورکیا هێشتا دوودڵە لەوەی ئەرکێک ئەنجام بدات کە لە ڕێیەوە چەکدارانی کورد لە سووریا( کەمەبەست پەیەدەیە) و هاوپەیمانی ئەو هێزەن (پەکەکە) کە لەگەڵ تورکیادا سێ دەیە شەڕی تورکیای کردووە، بەهێز ببن.
لە ئێستادا هێزەکانی یەپەگە، باڵی سەربازیی پەیەدە و هێزەکانی پەکەکە، لە ڕۆژئوای کوردستان و تایبەت کۆبانی، شەڕی تیرۆریستانی داعش دەکەن.
زریان زیاد




