داعش شارۆچکەی هیتی داگیر کرد

بەغدا-KDP.info- پاش شەڕێکی سەخت لە نێوانیاندا، چەکدارانی تیرۆریستیی داعش بە تەواوی دەستیان بەسەر شارۆچکەی هیتی سەر بە پارێزگای ئەنباردا گرت.
بەرپرسانی ناوچەکە دەڵێن، ڕێکخراوی داعش، دوو تەقینەوەی خۆکوژییان ئەنجام داون کە یەکێکیان لە بەردەم دەروازەی سەرەکیی هیت کە خاڵێکی پشکنینی سوپای عێراقی و هێزی هۆزەکانی ناوچەکەی لێ بوون، هەروەها خۆکوژێک بە کامیۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە لە دەرەوەی بارەگای پۆلیسی شارەکە خۆی تەقاندووتەوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، هەر پاش ئەو دوو تەقینەوەیە کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ئەنجام دران، دەیان چەکدار خۆیان بە شارۆچکەکەدا کردووە و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و چەکدارانی هۆزەکاندا بەرەوڕوو بوونەتەوە و لەو شەڕەدا کە دوو سەعاتی خایاندووە، تۆپ و تانک و چەکی قورس بە کار هێنراون، لە ئاکامدا شارۆچکەی هیت، بە تەواوی کەوتووەتە دەست جیهادییەکانەوە.
بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمنیی پارێزگای ڕومادییش، سوپای عێراق لەپێناو پاراستنی گیانی دانیشتوانی شارۆچکەکە پاشەکشەیان کردووە، گوتووشیەتی، یەکە سەربازییەکانی سوپا و هێزە هاوپەیمانەکان، لە هەوڵی بەدەستهێنانەوەی هیتدان و لە ئێستادا لە دەرەوەی شارۆچکەکە خۆ ڕێک دەخەنەوە، ئەمەیش لە کاتێکدایە کە کۆپتەرە جەنگییەکانی عێراق، شوێنی چەکداران لە نێو شاردا بۆردوومان دەکات.
زریان زیاد




