٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

پەرلەمانتارێكی كورد. ئامادە نین دەنگ بە كاندیدی پۆستە ئەمنییەكان بدەین ئەگەر رای كورد وەرنەگیرێت

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-kdp.info- ئەندامێكی لیژنەی ئاساییش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر چەند جارێكیش ناوی كاندیدی پۆستی وەزارەتە ئەمنییەكان رەوانەی پەرلەمان بكەن و رای سەركردایەتیی كوردی لەسەر نەبێت، ئێمە دەنگی پێ نادەین، چونكە ئەمانە پۆستی هەستیارن و پەیوەندییان بە كوردەوە هەیە.

ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لە فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (شاخەوان عەبدوڵڵا) بە kdp.info-ی راگەیاند، كاتێك سەرۆكوەزیران بەڵێنی دا لە ماوەی هەفتەیەكدا پۆستی وەزارەتە ئەمنییەكان یەكلا بكاتەوە، بەڵێنەكەی جێبەجێ كرد، بەڵام بە شێوەیەك دوو كاندیدی پێشكەشی پەرلەمان كرد و رەزامەندیی هیچ لایەنێكیان لەسەر نەبوو، بۆیە دەنگی پێویستی نەهێنا.
(شاخەوان عەبدوڵا) گوتیشی، "كانیدی وەزارەتی بەرگری هاتە لام و داوای كرد دەنگی پێ بدەین، بەڵام من پێم گوت پێویستە رای سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان وەربگیرێت، چونكە ئەمە پۆستی گرنگ و هەستیارن و پەیوەندییان بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بە تایبەت لە داهاتوودا بۆ  پڕچەككردنی پێشمەرگە و پێدانی مووچە پێیان، بۆیە پێویستە بەڵێنێك لەگەڵ سەركردایەتیی كورد ئیمزا بكەی بۆ ئەوەی هەرێم شەریكێكی راستەقینە بێت و ئەویش رازی بووە، بەڵام دواتر دەنگی نەهێنا و لە ئێستادا چاوەڕێ دەكەین جارێكی دیكە ناوەكان رەوانەی پەرلەمان بكرێنەوە".
زیاتر گوتی، "هەر كاندیدێك بێتە پەرلەمان، پێویستە رەزامەندیی سەركردایەتیی كوردی لەسەر بێت ئەو كات دەنگی پێ دەدەین، ئەگەر نا چەند جارێكیش بێنە پەرلەمان و سەركردایەتیی كورد پێی رازی نەبن، ئێمە دەنگی پێ نادەین".

(عەبدوڵڵا) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، بڕیارە دوای جەژن لایەنەكان رێككەوتن لەبارەی پۆستی وەزارەتە ئەمنییەكان  بكەن و رەوانەی پەرلەمانی بكەن و دەنگی لەسەر بدرێت.

سەبارەت بە پۆستی سەرۆكی دەزگای هەواڵگرییش، ئەو ئەندامی لیژنەی ئاساییش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی دا، "ئەو پۆستە مافی كوردە، چونكە هەردوو وەزارەتە ئەمنییەكە بۆ شیعە و سوننەن و ئەو پۆستەیش بۆ كوردە، تاوەكو ئێستایش هیچ لایەنێك داوای نەكردووە و لە دەست كورددایە و هەر لە دەست كوردیشدا دەمێنێتەوە، ئەگەر گۆڕانكارییش بكرێت، پێویستە (عەبادی) كاندیدێكی دیكەی كورد رەوانەی پەرلەمان بكات و وەكو وەزیرەكان دەنگی پێ بدرێت".
بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار